نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ باڵیۆزی ئەمریكا كۆبووەوە

سیاسی
  • 29-10-2024, 18:28
  • +A -A

    هەولێر - INA 
    ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و ئێلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق، جەختیان لە گرنگی لێكگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ئێلینا ڕۆمانۆوسكی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
    لە كۆبوونەوەیەكدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامەكانی تاوتوێ كران و ڕۆمانۆوسكی، پیرۆزباییی سەركەوتنی هەڵبژاردنی لە نێچیرڤان بارزانی و گەلی كوردستان كرد. لەمبارەیەوە هەردوولا جەختیان لە گرنگیی لێكگەیشتنی لایەنە سیاسییەكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت كردەوە.
    هەر لە كۆبوونەوەكەدا، باسیان لە پەیوەندییەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و حكوومەتی عێراقی فیدراڵ و هەوڵەكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان كرد. هەردوولا ستایشی بەردەوامیی گفتوگۆكانیان بۆ چارەسەركردنی كێشەكان بە لێكگەیشتن كرد و كۆك بوون لەسەر ئەوەی چارەسەربوونی كێشەكانی هەولێر ـ بەغدا، سەقامگیریی وڵات پتەوتر دەكات.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا تیشكیان خستە سەر دوا پێشهاتەكانی دۆخی مەترسیداری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و جەختیان لە گرنگی كاركردنی هەمەلایەنە لە ناوچەكە كردەوە بۆ پاراستنی سەقامگیری و ڕێگریكردن لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئاڵۆزییەكان، هەر لەمبارەیەوە دووپاتیان كردەوە كە پێویستە عێراق لە ململانێ و كێشەكانی ناوچەكە، بەدوور بێت.
    هەروەك پەیوەندییەكانی ئەمەریكا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان و چەند پرسێكی دیكەی جێی بایەخی هاوبەش، لایەنێكی دیكەی كۆبوونەوەكە بوو.