بەغداد - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، جەختیكردەوە: كە دەستنیشانكردنی بەهەدەردانی سامانی گشتی ئەركێكی نیشتمانییە و پێویستی بە هەڵوێستی جددی و یەكلاكەرەوە هەیە.
سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید، لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە محەمەد عەلی لامی سەرۆكی دەستەی نەزاهە و پیرۆزبایی لێكرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی لە ئەركەكەی.
بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك كۆمار تەئكیدیكردەوە: كە هەمووان چاوەڕوانی هەنگاوی كاریگەر و دروست دەكەن لە دەستەی نەزاهە بۆ پاراستنی سامانی گشتی لەڕێگەی رێوشوێنە یاسایی و دەستورییەكانەوە. ئاماژەی بەوەشكرد: كە دەستنیشانكردنی بەفیڕۆدانی سامانی گشتی ئەركێكی نیشتمانیی گرنگە و پێویستی بە هەڵوێستی جددی و پتەو هەیە لەلایەن سەرجەم دەزگا و دامەزراوەكانەوە لە سەرووی هەموویانەوە دەستەی نەزاهە. هەروەها داوای پەسندكردنی پلان و پرۆگرامێكی نیشتمانی یەكگرتو و گشتگیری كرد، كە سەرجەم لایەنە فەرمی و كۆمەڵایەتییەكان رۆڵی چالاكیان تێیدا هەبێت.
سەرۆك كۆمار داواشیكرد هاریكاری و هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی جیهان بەهێزبكەن لەپێناو ناردنەوەی داواكراوان و گەڕاندنەوەی پارەی عێراق لەدەرەوەی وڵات.
لای خۆیەوە محەمەد لامی باسی لە پلان و بەرنامەكانی داهاتووی دەستەی نەزاهە كرد و پشتیوانی سەرۆك كۆماری بۆ كارەكانی دەستەكەیان و هەوڵەكانی بۆ بەدیهێنانی شەفافییەت، بەرزنرخاند، و جەختیكردەوە: لەسەر گرنگی پشتیوانیی دەستەكەیان لەلایەن سەرۆكایەتی كۆمارەوە بۆ بەرەنگاربونەوەی گەندەڵكاران و گەڕاندنەوەی پارەی عێراق و پاراستنی سامانی نیشتمانی.