هەولێر - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە لەگەڵ سەید عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانیی عێراقی، دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداد و دۆخی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: بەیانیی ئەمڕۆ سێشەممە 2024/10/29 نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لە دیدارێكدا لە هەولێر لەگەڵ سەید عەممار حەكیم سەرۆكی ڕەوتی حیكمەی نیشتمانیی عێراقی، هەڵبژاردنەكانی پەرلەمانی كوردستان و ئەنجامەكانی تاوتوێ كرد و سەید حەكیم پیرۆزباییی سەركەوتنی هەڵبژاردنی لە سەرۆك نێچیرڤان بارزانی كرد، هەروەها دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداد و دۆخی ناوچەكە، بیروڕایان گۆڕییەوە.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، هەردوولا جەختیان لەسەر گرنگیی بەردەوامیی گفتوگۆی هەولێر ـ بەغدا كردەوە و هاوڕا بوون كە چارەسەركردنی كێشەكان بە لێكگەیشتن و لەسەر بنەمای دەستوور، دەبێتە هۆی پتەوكردنی ئارامی و سەقامگیریی زیاتری عێراق. هەر لەمبارەیەوە كاری پێكەوەیی و هاریكاریی نێوان هێز و لایەنە سیاسییەكان و پێكهاتەكانی عێراقیان لەپێناو بەرژەوەندیی باڵای وڵاتدا، بە پێویست لە قەڵەم دا.
هەر لە دیدارەكەدا هەردوولا داكۆكییان لەوە كردەوە كە پێویستە هەموو لایەك كار بۆ ئەوە بكەن ئارامی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بپارێزرێت، بە هیچ شێوەیەك عێراق لە ئاڵۆزییەكانی ناوچەكەوە نەگلێت و لە لێكەوتەكانی بەدوور بێت.