بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، تەئكیدیكردەوە: كە بڕیاری شەڕ و ئاشتی لەلایەن دەوڵەتەوە لەڕێگەی دامەزراوە دەستوورییەكانییەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە میانەی سەردانەكەیدا بۆ پارێزگای واست، لەگەڵ كۆمەڵێك شێخی هۆزەكان و كەسایەتییە دیارەكانی هەموو پارێزگاكە كۆبووەوە.
جەختیكردەوە: كە ئەم سەردانە لە چوارچێوەی زنجیرە سەردانە مەیدانییەكانیدایە بۆ پارێزگاكان، بۆ بینینی واقیعی خزمەتگوزاری و بەدواداچوون بۆ پێشكەوتنی كار لەو پڕۆژانەی جێبەجێ دەكرێن، و لابردنی ئەو ئاستەنگانەی ڕووبەڕوویان دەبنەوە، هەروەها كۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسان و خەڵك و دیاریكردنی پێداویستییەكانیان.
هەروەك ئاماژی دا: بە ڕۆڵی هۆزەكان لە پاڵپشتیكردنی دەوڵەت بۆ ڕاپەڕاندنی ئەركەكانی، بەتایبەتی لەم قۆناغە هەستیارەدا كە ناوچەكە پێیدا تێدەپەڕێت، كە داوای هاودەنگی لە نێوان خەڵكی وڵات دەكات بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگیەكان.
سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە: هەڵوێستی مەبدەئی عێراق، ڕەتكردنەوەی دەستدرێژییە بەربەریەكانە بۆ سەر غەززە و لوبنان، كە لە هەموو كۆڕ و كۆڕبەندە نێودەوڵەتییەكاندا وتراوە، و جەختیشیكردەوە: كە بڕیاری شەڕ و ئاشتی لەلایەن دەوڵەتەوە بڕیاری لەسەر دەدرێت لەرێگەی دامەزراوە دەستوریەكانی، و هەركەس لەوە لابدات ڕووبەڕووی دەوڵەت دەبێتەوە، كە پشت بە بەهێزی دەستور و یاسا دەبەستێت بۆ جێبەجێكردنی ئەركەكانی.
راشیگەیاند: بەرژەوەندی عێراق و عێراقییەكان لە سەرووی هەموو ڕەچاوكردنێكەوەیە، هەروەها باسی لەو پڕۆژە خزمەتگوزارییانە كرد كە حكومەت لە واست لە كەرتە جیاوازەكاندا ئەنجامی دەدات.
رونیشیكردەوە: هەر لەسەرەتای دامەزراندنیەوە حكومەت لەبەغداد و پارێزگاكاندا هاوتەریب كاری كردووەو هەروەها ئاماژەی بە كەرتی كشتوكاڵ و پەرۆشی حكومەت كرد بۆ پەرەپێدانی لەگەڵ سەرجەم كەرتەكانی تردا و جەختیشی لەسەر گرنگی هەنگاونان بەرەو بەكارهێنانی تەكنەلۆژیای مۆدێرن لەكشتوكاڵ و ئاودێریدا كردووە.