حەسان: ئێمە پشتیوانی هەڵوێستی حكومەتی عێراق دەكەین و هاوبەشی بانگەوازەكەین بۆ ئاگربەست لە ناوچەكە

سیاسی
  • 23-10-2024, 21:14
  • +A -A

    بەغداد - INA 
    نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق، سەرۆكی نوێنەرایەتیی یونامی محەمەد حەسان ڕایگەیاند: عێراق وڵاتێكی سەرەكییە لە ناوچەكەدا و پێگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتیی خۆی وەرگرتەوە، و وتیشی: پشتیوانی لە هەڵوێستی حكومەتی عێراق دەكەین و هاوبەشی بانگەوازەكەین بۆ ئاگربەست و ئارامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
    حەسان لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕایگەیاند: پەیوەندییەكە ڕەگێكی قووڵی لە نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و عێراقدا داكوتاوە، بەو پێیەی عێراق یەكێكە لە وڵاتانی ئەندامی دامەزرێنەری ئەو ڕێكخراوە نێودەوڵەتییە، هەروەها نەتەوەیەكگرتووەكان پاسەوانی عێراق نییە و ئامادەبوونی نەتەوە یەكگرتووەكان لێرە لەسەر داوای حكومەتەكەیە ، و كاردەكەین بۆ خزمەتكردنی ئەم وڵاتە لە بوارە جیاجیاكاندا.
    ئاماژەی بەوەشكرد: عێراق وڵاتێكی سەرەكییە لە ناوچەكەدا، و پێگەی پێشەنگی خۆی لە گۆڕەپانی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا وەرگرتەوە. هاوكات وڵاتێكی ئومێدبەخشە كە لە لێواری داهاتوویەكی گەشدایە بەهۆی ئەو كارە ماندوونەناسانەی كە حكومەت و وڵاتەكەی ئەنجامیانداوە، و هەوڵی ماندوو نەناسانە بۆ چەسپاندنی سەقامگیری ئەمنی و سیاسی بەدەست هاتوو، لە پێشخستنی ژێرخان و تەواوكردنی پڕۆژەكانی گەشەپێدان.
    رونیشیكردەوە: دواین نموونەی ئەمە ئەوەیە كە هەفتەی ڕابردوو لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراقدا شاهیدی بووین، كە بە شێوەیەكی هێمنانە و بێ كێشە بەڕێوەچوو. هەروەها ئەوەی ڕۆژانە شاهیدی دەبین لە ڕووی جوڵەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان لە بەغدا و پارێزگای جۆراوجۆری دیكە سەرچاوەی متمانەیە بە ڕێڕەوی گەشەپێدان.
    وتیشی: دەرفەتی گرنگ هەیە كە دەبێت دەستی بەسەردا بگیرێت سەرەڕای هەندێك لەو تەحەددایانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە، ئەمەش پێویستی بە هەوڵی هاوبەش و هاوكاری بنیاتنەر هەیە. هیوای زۆرمان بۆ ئەم وڵاتە دەخوازین، و هەموومان دڵنیاین كە لە سایەی هاوبەشی بەهێزی نێوان نەتەوە یەكگرتووەكان و عێراق، یەكگرتنی خوازراو بە شێوەیەك بەدی دێت كە خزمەت بە بەرژەوەندییەكانی وڵات و گەلەكەی بكات.
    سەبارەت بە ڕووداوەكانی ئێستای ناوچەكە، حەسان ڕایگەیاند: ئێمە پشتیوانی لە هەڵوێستی حكومەتی عێراق دەكەین و هاوبەشی بانگەوازەكەین بۆ ئاگربەست و ئارامی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بۆ ئەوەی وڵات و ناوچەكە لە مەترسی ڕاكێشانی وڵات و ناوچەكە بپارێزین لە پەرەسەندنی زیاتر، كە هاوتەریب بوو لەگەڵ ئەو بانگەوازەی كە سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان كردی بۆ ئاگربەستی دەستبەجێ و خۆكۆنتڕۆڵكردن لەلایەن هەمووانەوە، و ئەم بانگەوازانە تەواوكەری یەكترن، لە كاتێكدا پێویستییەكی زۆر هەیە بۆ هەوڵە هاوبەشەكان لە ناوچەكەدا بۆ گەیشتن بە ئاشتی.