بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، داوای لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لە ئەستۆ بگرێت و بەپەلە دەستوەردان بكات لە پێناو ڕاگرتنی شەڕ دژی فەڵەستین و لوبنان.
فەرمانگەی ڕاگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار لە كۆشكی بەغداد پێشوازیكرد لە عەلی حەبحاب باڵیۆزی كۆماری لوبنان لە عێراق.
بە گوێری بەیاننامەكە، لە دیدارەكەدا، سەرۆك كۆمار جەختیكردەوە: كە بێدەنگی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ئاست بەردەوامی بۆردومانی رۆژانە و بەئامانجگرتنی كەسانی مەدەنی بێ تاوان، چیتر قبوڵكراو نییە.
داواشی لە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی كرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆی لەئەستۆبگرێت و بەپەلە كاربكات لەپێناو راگرتنی جەنگی دژبە فەڵەستین و لوبنان.
هەر لەو دیدارەدا، باس لە پێشهات و دۆخی ناوچەكە و جەنگی دژبە لوبنان كرا، لەوبارەیەوە سەرۆك كۆمار هەڵوێستی عێراقی دوپاتكردەوە، كە بریتییە لە پشتیوانی و پشتگیریكردن لە لوبنان وەك بەشێك لە پابەندبونی بە وڵاتانی برایەوە.
لای خۆیەوە باڵیۆز پوختەیەكی لەبارەی دۆخی لوبنان خستەڕو، هاوكات هەڵوێستی عێراقی لەسەرئاستی رەسمی و جەماوەری بۆ پاڵپشتیكردن لە لوبنان و لەخۆگرتنی رۆڵەكانی گەلەكەی، بەرزنرخاند.