سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدان: حكومەت سەركەوتوو بوو لە ڕاكێشانی وەبەرهێنان بە بەهای 100 ملیار دۆلار

ئابوری
  • 23-10-2024, 19:37
  • +A -A

    بەغداد - INA - وەسام مەلا 
    ئەمڕۆ چوارشەممە، ڕاوێژكاری سەرۆك وەزیران بۆ كاروباری وەبەرهێنان محەمەد نەجاڕ، رایگەیاند: حكومەت سەركەوتوو بوو لە ڕاكێشانی وەبەرهێنان بە بەهای 100 ملیار دۆلار.
    نەجاڕ كە هاوكات بەڕێوەبەری سندوقی عێراق بۆ گەشەپێدانە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: لە دوو ساڵی ڕابردوودا عێراق زیاتر لە 100 ملیار دۆلاری وەبەرهێنانی ڕاستەوخۆی ڕاكێشاوە، ئێمەش لە سەرەتای ڕێگاكەداین و پڕۆژەی دیكەش هەیە بە بڕە پارەیەكی زۆر و لە كەرتە جیاوازەكاندا.
    ئاماژەی بەوەشكرد: گرێبەستی ئەم دواییە لەگەڵ كۆمپانیای سویدی ئەلیكتریكی ئومێدبەخشە و پێشبینی دەكەین وەبەرهێنانەكانی لە عێراق بگاتە 5 ملیار دۆلار كە لە سەرانسەری عێراقدا بڵاوبووەتەوە، گرێبەستەكە بریتییە لە كردنەوەی سندوقێكی هاوبەشی نێودەوڵەتی عێراقی تایبەتمەند بە ناساندنی پیشەسازی و خوێندنی پێشكەوتوو بۆ وڵات،  كە بەشێكە لە پڕۆژەكانی دامەزراندنی شارێكی پیشەسازی و ئابووری بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنەران، ئەوە جگە لە پڕۆژەی جۆراوجۆری دیكە.
    رونیشیكردەوە: گرێبەستەكە پێشەنگە لە جۆری خۆیدا، بیرۆكەی سەرەكی تێیدا ئاماژەیە بۆ ئەوەی كە سندوقەكە وەك نوێنەری لایەنی حكومەتی عێراق دەچێتە ژوورەوە، هەروەها دەرفەتی وەبەرهێنان بۆ وەبەرهێنەرانی عێراقی و هاوڵاتی عێراقی و سندوقەكانی كەنداو دەكەینەوە بۆ ئەوەی سندوقێكی دیكە دروستبكەین بۆ تەوتینكردنی پیشەسازی زیرەك لە عێراق. 
    وتیشی: سێ ئەگەر هەیە بۆ هەڵكەوتەی ئەو شارە ئابوورییە چونكە ئێمە لەبەرچاومان گرت كە شارەكە خزمەتی كرێكاران و شار و پارێزگاكانی دەوروبەری شارەكە دەكات، لەئێستاشدا سەرقاڵی لێكۆڵینەون لە 3 ناوچە لە ناوەڕاست و باشووری عێراق.
    پێشتر دووشەممەی ڕابردوو، سندوقی گەشەپێدانی عێراق واژۆكردنی یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ كۆمپانیای سویدی ئێلیكتریكی میسری نێودەوڵەتیی ڕاگەیاند.
    بەگوێرەی ئەو سندوقە، ئامانجی دامەزراندنی سندوقێكی وەبەرهێنانی عێراقییە لەژێر ناوی (سندوقی تەوتین) بۆ ڕاكێشانی وەبەرهێنانی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی بۆ پەرەپێدانی پڕۆژەی ستراتیژی لە چەندین كەرتدا، هەروەها پەرەپێدانی بەدیلەكانی ئابووری لە بوارە جیاجیاكانی وەك كشتوكاڵ، پیشەسازی، و خزمەتگوزارییەكان بۆ كەمكردنەوەی پشتبەستن بە نەوت.