هەولێر - INA
سەركەوتنی پرۆسەی هەلبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، سەركەوتنی هەرێمی كوردستان بوو لە تاقیكردنەوەیەكی دیكەی دیموكراسیدا.
بەم بۆنەوە ، پیرۆزبایی لە سەرجەم هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بە هەموو پێكهاتەكانیەوە دەكەم.سوپاسی خۆڕاگری و بەشداریی كارای هاووڵاتییان و بە تایبەت خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان دەكەم.
سوپاسی كۆمیسیونی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق دەكەم بۆ ئەنجامدان و سەرپەرشتیكردنی ئەم پرۆسەیە و دەستخۆشییان لێ دەكەم. هەرچەندە بەشدارینەكردنی ڕێژەیەكی زۆری هاووڵاتیان بە هۆی كێشەی تەكنیكییەوە، بووە جێگەی نیگەرانیمان، بۆیە پێویستە هەوڵی جددی بدرێت لە هەڵبژاردنەكانی داهاتوودا، ئەم كێشانە چارەسەر بكرێن و مافی دەنگدانی هەر هاووڵاتییەك بە تەواوەتی مسۆگەر بكرێت.
سوپاسێكی تایبەت بۆ هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ بۆ ئەو كەشە هێمنەی بۆ هەڵبژاردنیان ڕەخساند.
سوپاس بۆ چاودێرە نێودەوڵەتیەكان كە گەواهیدەری ئەم سەركەوتنە بوون.
سوپاسی گشت لایەنە سیاسییەكان دەكەم بۆ بەشدارییان لەم هەڵبژاردنە و هاوكارییان بۆ سەركەوتنی.
پەنا بە خوا و بە پاڵپشتی هاووڵاتیانی دڵسۆزمان، ئومێد دەخوازم بە هەبوونی پەرلەمانێكی كارا و بە بەشداریی دڵسۆزان و نیشتمانپەروەران، بتواندرێت هەرچی زووتر، كابینەی دەیەمی حكومەتی هەرێم بخرێتە خزمەتی ئارامی و ئاوەدانی و پێكەوەیی و پێشكەوتنی زیاتری هەرێمی كوردستان.
مەسرور بارزانی
سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان
2024/10/20