هەولێر - INA-ئیڤان ناسر حەسەن
ئەمڕۆ یەکشەممە "ئومێد خۆشناو" پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند: کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ چۆنیەتی بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن، ئاماژە بەوەشدەکات کە پرۆسەکە بە باشی بەڕێوەدەچێت.
پارێزگاری هەولێر لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا کە پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ئامادەی بوو، ڕایگەیاند : ئەمڕۆ هەڵبژاردنی گشتی دەستیپێکرد، و سەرجەم ناوەندەکانی دەنگدان بۆ پێشوازیکردن لە دەنگدەران کرایەوە.
ڕاشیگەیاند: کە لە نزیکەوە بەدواداچوون بۆ پرۆسەی هەڵبژاردن دەکەن،و پرۆسەکەش بەباشی بەڕێوەدەچێت و زیاتر لە 900 هەزار دەنگدەر لەهەولێر مافی دەنگدانی هەیە.
لە درێژەی قسەکانیدا پارێزگاری هەولێر ووتیشی: هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە و تیمی ئەمنی و پزیشکی لە دەوروبەری ناوەندەکانی دەنگدان هەیە بۆ پاراستن و گرنگیدان بە دەنگدەران،هەروەها سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی ستافی کۆمسیۆن و هێزە ئەمنییەکان کرد.
خۆشناو داوای لە هەموو هاووڵاتیانیش کرد دەنگ بدەن، چونکە دەنگدان یەکێکە لە مافەکانی هاوڵاتیان تا لەو ڕێگایەوە چارەنووس و پێگەی وڵات بۆ چوار ساڵی داهاتوو دیاری بکەن.