سلێمانی - INA
ئەمڕۆ یەكشەممە، هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند: پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە ئارامی بەڕێوەدەچێت.
پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی راگەیاندین: هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی دوای دەنگدانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە لێدوانێكیدا بۆ كەناڵەكانی راگەیاندن، ئاماژەی بەوەدا: كە پرۆسەكە بە ئارامی بەڕێوەدەچێت و ئەوەی پێویستە دابنكراوەو ئەوەی ماوەتەوە چاوەڕوانیە بۆ بەشداریكردنی خەڵك لە كاتی پێوانەییدا دەنگی خۆیان بدەن، وتیشی: هەڵبژاردنەكە لە كاتژمێر 7ی بەیانی بۆ 6ی ئێوارەیەو كاتەكەشی قابیلی درێژكردنەوە نیە.
راشیگەیاند: لە دەنگدانی تایبەتدا بینیتان لە سنوی بازنەی سلێمانیدا هیچ گلەیی و گازندەیك نەبووە، بۆ دەنگدانی گشتیش بەهەمان شێوەیە و هێزەكانیشمان بەشێوەیەكی رێكخراو ئامادەكراون و هیودارم هەموولایەك پابەند بن بەو رێنماییانەی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان دەریكردوون.