سلێمانی-INA
ئەمڕۆ یەك شەممە،لەشاری سلێمانی " سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین " ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان بەشداری پرۆسەی دەنگدانی گشتی كردو دەنگیدا.
دوای دەنگدانیش لەوتەیەكدا ئەمینداری گشتی یەكگرتوو ئیسلامی کەپەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی(INA)ئامادەی بوو پەیامێكی ئاڕاستەی هاوڵاتیان كردو ڕایگەیاند: پێویستە هاوڵاتیان بەجۆش و خرۆش و گەرموو گوڕییەوە بەشداری پرۆسەی هەڵبژاردن بكەن و دەنگ بدەن بەكەسانی شیاو تاوەكو چوار ساڵی داهاتوو پەرلەمانێكی خەمخۆرو كاریگەریان هەبێت.
"سەلاحەدین محەممەد بەهائەدین " ووتیشی: ئەمڕۆ ڕۆژێكی گرنگ و چارەنووسسازەو گەلی ئێمە و تەنانەت دەسەڵاتیش پێویستی بەم ڕۆژەیەو ئومێد وایە گەلی ئێمە لە دەنگداندا هۆشیار بێت و دۆخەكە لە هەرێمی كوردستان لەوەزیاتر تەحەموول ناكات و پێویستە دۆخی خراپی هەرێمی كوردستان چاك بكرێنەوە.
ئەمینداری گشتی یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان پەیامێكیشی ئاڕاستەی لایەنەكان كردو ڕایگەیاند: لەدوای پرۆسەی دەنگدان نابێت خاوە خاو بكرێت لە دەستبەكاربوونی پەرلەمان و پێكهێنانی حكومەتێكی نوێ بەپێی ئەنجامی پرۆسەی هەڵبژاردنەكە تاوەكو بتوانرێت خزمەتی هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانی پێ بكرێت.