هەولێر-INA
ئەمڕۆ شەممە، فەرمانگەی تەندروستی پارێزگای هەولێر 34 تیمی تەندروستی دیاریکرد وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە سبەی یەکشەممە لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەچێت.
(د.دلۆڤان محمد) بەڕێوەبەری تەندروستی هەولێر لەلێدوانێکی تایبەتدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند : کە ئەوان بۆ سبەی یەکشەممە ئامادەیی تەواویان کردوە بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان.
ڕاشیگەیاند کە سەرجەم کارمەندان و تیمەکانی تەندروستی وەک ئامادەکارییەک بۆ ڕۆژی دەنگدانی گشتی بەنۆرە ئامادە دەبن.
ئاماژەی بەوەشدا : کە هەموو ڕێکارە تەندروستییەکان گیراوەتەبەر، هەروەها 34 تیم ئامادەکراون بۆ هەر حاڵەتێک ، هاوکات 24 تیمی فریاگوزاری لە پارێزگاکەدا هەن هەروەها 10 تیمی دیکەش لەنەخۆشخانەکان ئامادە دەبن.
ووتیشی: تیمەکانی تەندروستی چارەسەری هەر حاڵەتێکی لەناکاو دەکەن لە ناو شار یان دەرەوەی شار، لە ڕۆژی دەنگدان و تا کۆتایی پرۆسەی دەنگدانەکە.
پەیوەست بەو پرسە" سەرکار سورچی" وتەبێژی وەزارەتی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان،ڕایگەیاند :کە لە سەعات شەشی بەیانی، سبەی یەکشەممە، سەرجەم نەخۆشخانەکان و بنکە تەندروستییەکان وسەنتەری فریاکەوتن ئامادە دەبن. جەختیشی لەوە کردەوە: کە ئامبولانس لە نزیک بنکەکانی هەڵبژاردنەکان جێگیر دەکرێن، هەروەها نەخۆشخانەکان ئامادەن بۆ وەرگرتنی هەر حاڵەتێکی لەناکاو، هەروەك داوا لە سەرجەم هاوڵاتیان دەکات پەیوەندی بە ژمارە 122ی فریاکەوتنەوە بکەن بۆ ئەوەی لە هەر حاڵەتێکی فریاگوزاری تەندروستی ئاگاداریان بکەنەوە.