سلێمانی؛ دەنگدانی تایبەت بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچوو

سیاسی
  • 18-10-2024, 18:22
  • +A -A

    سلێمانی - INA


    ئەمڕۆ هەینی، پرۆسەی هەڵبژاردنی دەنگدانی تایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتژێر 7ی بەیانی دەستی پێكرد و لە كاتی دیاریكراوی خۆیدا و لە 6ی ئێوارە سندوقەكانی دەنگدان داخران.
    بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست پەیامنێری ئاژانسی هەواڵی عێراقی كەوتووە لە سلێمانی، لەگەڵ ئەوەی پرۆسەكە بەشێوەیەكی ئاسایی بەڕێوەچووە، بەڵام هەندێك گرفتی تەكنیكی لە پرۆسەكەدا روویداوە، لەوانە نەخوێندنەوەی پەنجەمۆری دەنگدەران لە ئامێرەكانی دەنگدان، بەڵام بە پێی وتەی چاودێرانی لایەنە سیاسیەكان لە هەندێك بنكەدا سەرلەبەیانی ئەم گرفتە هەبووەو دواتر چارەسەر كراوە.
    چاودێری یەكێك لە لایەنە سیاسیەكان بۆ میدیاكان دوواو وتی: لە رووی تەكنیكی و رێكارەكانی كۆمسیۆنەوە ‎كارئاسانیەكی زۆر كراوە بۆ دەنگدان و لەو بنكەیەی ئەوی تێدایە هیچ قەرەباڵغیەك دروست نەبووەو بە كەمترین ماوە دەنگدەران توانیوانە دەنگ بدەن.
    هاوكات بەشێك لە نوێنەری لایەنە سیاسیەكان بە تایبەتی نوێنەری لایەنە ئۆپۆزسیۆنەكان لە سنوری سلێمانی، گلەیی و گازندەیان لە بەڕێوەچوونی پرۆسەكە هەبوو،  دەڵێن: لە هەندێك شوێن رێگە بە كارمەندانی هێزە ئەمنیەكان دراوە مۆبایل ببەنە ژوورەوە، ئەمەشیان وەكوو پێشێلكاری تۆماركردووە.
    وتەبێژی تۆڕی هاوپەیمانی چاودێرانی بێلایەن سەلما فاتیح، دەڵێت: لە پارێزگاكانی هەڵەبجە و سلێمانی هەوڵدان بۆ پشێوی هەبووە، هەروەها بانگەشە لە نزیك بنكەكانی دەنگدان كراوە لە حاڵەتێكیشدا لە پارێزگای هەڵەبجە نوێنەری یەكگرتووی ئیسلامی لە بنكەیەكی دەنگدان كراوەتە دەرەوە.
    وتیشی: لە هەولێر و دهۆك هەوڵی دەنگدان لە بری كەسی دیكەو چوونە ژوورەوە لە گەڵ كەسێكی دیكە و داخستنی بنكەكانی دەنگدان و نانەوەی پشێوی لە ناو بنكەكانی دەنگداندا بوونی هەبووە.
    هەروەها ئەو نوێنەرەی یەكگرتوو كە لە بنكەكانی دەنگدان لە هەڵەبجە كراوەتە دەرەوە، دەڵێت: فۆرمی سكاڵایان هەیەو دواشیان لەبەرپرسی بنكەكان كردوە ئیمزای لەسەر بكەن، بەڵام بەرپرسی بنكەكان ئیمزایان نەكردوە.
    هاوكات بەڕێوەبەری گشتی هاتووچۆی سلێمانی ئاسۆ محەمەد ئەمین، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەنوسیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: كارمەندانی هێزە ئەمنیەكان بەشێوەكی دیموكراسی و شەفاف و بە ئازادانە دەنگیانداوەو هیچ بەریەككەوتنێك نەبووە شایەنی باسكردن بێت، و هیچ فشارێكی سیاسیش تێبنیی نەكراوە، و وتیشی: لە كاتی بەڕێوەچوونی پرۆسەكەدا هیچ كێشەیەكی هاتووچۆ رووینەداوە.
    لە سنوری پارێزگای سلێمانی 78 هەزار و 661 كەس مافی دەنگدانی هەبووە لە دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، لە كاتێكدا لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان ژمارەی ئەو كەسانەی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، (215) هەزارو (960) دەنگدەرە.
    لە سنوری پارێزگای سلێمانی (57 ناوەند و 276 وێستگە) ئامادەكرابوون بۆ دەنگدانی تایبەت، لەوانەش دوو بنكەی دەنگدان دیاریكرابوون بۆ ئەوەی كەناڵەكانی راگەیاندن و ئاژانسەكانی هەواڵا سەردانی بكەن و بتوانن رووماڵی دەنگدانەكە بكەن ئەوانیش بنكەی كوردستانی نوێ و بنكەی شرینی كچان  بوون.