بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن: له‌دوای كاتژمێر6 دەست دەکرێت بە ژماردنی دەستی دەنگەکان

ناوخۆ
  • 18-10-2024, 17:46
  • +A -A

    هه‌ولێرـ INA
     بەرپرسی نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، کاتژمێر شەش هەموو ئامێرەکانی دەنگدان ڕاستەوخۆ ڕادەوەستن و ڕاپۆرتی دەنگدانی تایبەت چاپ دەکەن، دوای ئەمەش دەست دەکرێت بە ژماردنی دەستی دەنگەکان.
    مەڕوان محەممەد گوتیشی: پرۆسەکە بەشێوەیەکی گشتیی تاوەکو ئێستا لە شاری هەولێر بەشێوەیەکی باش بەڕێوەچووە و لە 89 هەزار و 791 دەنگدەری تایبەت تەنیا %5 کێشەی نەخوێندنەوەی پەنجە مۆریان هەبووە، ئەوەشی نەتوانراوە پاش هەوڵەکانی پەنجەمۆری بخوێندرێتەوە، ئەوە مافی دەنگدانی نابێت.
    هەروەها ئاماژەی كرد كه‌ بە گوێرەی ئامارەکان تاوەکوو کاژمێر 12ی نیوەڕۆ ڕێژەی دەنگدان لە هەولێر %70 بووە، ئەوەشی هەبووە تەنیا چەند گرفتێکی تەکنیکی هەبووە، بەڵام چارەکراون. هەروا بنکەی جەژنیکان لە سنووری شارۆچکەی بەحرکە تاکە بنکەیە لەسەر ئاستی هەولێر تەواوی دەنگدەرەکانی %100 دەنگیانداوە.
    سه‌باره‌ت به‌ پێشێلکارییەکانیش ڕاگه‌یاند" تەنیا دوو سكاڵا گەیشتووەتە نووسینگەی هەولێری کۆمیسیۆن، ڕەتیشیکردەوە هیچ کامێرایەکی چاودێری بنکەکانی دەنگدان لە کارکەوتبن.
    هه‌روه‌ها داوای لە دەنگدەرانی گشتیی کرد، کە یەکشەممە 20 مانگ لە ڕۆژی دەنگدان پابەندی بڕیار و ڕێنماییەکانی کۆمیسیۆن بن، مۆبایل لەگەڵ خۆیان نەبەنە بنکەکانی دەنگدان، چونکە یەکەمجارە لە پرۆسەی هەڵبژاردن مۆبایل قەدەغە دەکرێت.
    سەبارەت بە ئەنجامی سەرەتایی دەنگدانی گشتیی ڕایگەیاند، کاتژمێر شەش کە دەنگدان کۆتایی هات و ئامێرەکان ڕاوەستان، بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی ئامێرەکان ڕاپۆرتێک لە سەر دەنگدان چاپ دەکەن و کۆپی ڕاپۆرتەکە بە نوێنەری کیانە سیاسییەکان دەدرێت و کۆپییەکیشی هەڵدەواسرێت، دوای ئەمە ڕاستەوخۆ ژماردنەوەی دەستی دەنگدەکان دەکرێت.