سلێمانی ـ INA
ئەمڕۆ هەینی، پرۆسەی دەنگدانی تایبەت بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بەڕێوەدچێت.
پەیامنێرمان لە شاری سلێمانی پێی راگەیاندین: ژمارەی ئەو كەسانەی لە پرۆسەی دەنگدانی تایبەتدا مافی دەنگدانیان هەیە، (215) هەزارو (960) دەنگدەرە، كە جگە لەپارێزگانی هەرێمی كوردستان لە چەند پارێزگایەكی تری عێراقیش ناوەندی دەنگدان كراوەتەوە بۆ دەنگدانی ئەو هاوڵاتیانەی مافی دەنگدانیان هەیە بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان.
ژمارەی ناوەندەكانی دەنگدان (165) ناوەندە، ژمارەی وێستگەكانی دەنگدانیش (749) وێستگەیە.
هاوكات سەرۆكی شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی لیوای فڕۆكەوان تەحسین خەفاجی، لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پلانێكیان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان داناوەو لە ئەمڕۆوە دەست پێدەكات و حەوت پارێزگا لەخۆدەگرێت لەگەڵ 12 ناوەندی هەڵبژاردن لە هەریەك لە بەغداد دوو ناوەند، یەكەمیان لە كەرخ و ئەوی دیكەیان لە ڕەسافە و هاوكات لە ئەنبار و واست و سەڵاحەدین و دیالە ناوەند دادەنرێن، لەكاتێكدا چوار ناوەند لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی نەینەوا و فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی ڕۆژئاوای نەینەوا دەبێت.
پێشتریش وتەبێژی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق ئەیسەر یاسین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: كۆمسیۆن ناوەندی دەنگدانی ئامادەكردووە بۆ دەنگدانی تایبەت لە ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عێراق لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، و وتیشی: 5 هەزار و 600 دەنگدەر هەن كە لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگدەدەن لە پارێزگاكانی بەغداد (كەرخ - رەسافە)، دیالە و واست و كەركوك و ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا.
رونیشیكردەوە: لە بەری رەسافەی بەغدادی پایتەخت، (1 ناوەند و 2 وێستگە) كراوەتەوە بۆ وەرگرتنی 433 دەنگدەر، لە بەری كەرخیش (2 ناوەند و 8 وێستگە) بۆ وەرگرتنی 2 هەزار و 414 دەنگدەر كراوەتەوە.
راشیگەیاند: لە پارێزگای دیالە، (1 ناوەند و وێستگە) كراوەتەوە بۆ وەرگرتنی 266 دەنگدەر، لە پارێزگا واست (1 ناوەند و وێستگە) كراوەتەوە بۆ وەرگرتنی 191 دەنگدەر، هەروەها لە پارێزگای كەركوك، (1 ناوەند و 2 وێستگە) بۆ پێشوزای لە 488 دەنگدەر، لە پارێزگای ئەنبار بە (1 ناوەند و وێستگە) بە 196 دەنگدەر.
وتیشی: لە پارێزگای سەڵاحەدین (1 ناوەند و 2 وێستگە) ئامادە كراوە بۆ وەرگرتنی 574 دەنگدەر، بۆ پارێزگای نەینەواش (4 ناوەند و 5 وێستگە) تەرخانكراوە بۆ وەرگرتنی 1038 دەنگدەر.