بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، فوئاد حسێن جێگری سەرۆك وەزیران و وەزیری دەرەوە، لەگەڵ مایكل دانییل هیجینز سەرۆكی ئیرلەندا لە شوێنی نیشتەجێبوونی خۆی لە دبلنی پایتەخت كۆبووەوە،و جەختیان لە چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان بۆ ڕێگریكردن لە فراوانبوونی شەڕ لە ناوچەكەدا كردەوە.
وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، سەرۆكی ئێرلەندا خۆشحاڵی خۆی بەم دیدارە و ئەم سەردانە دەربڕی، پیرۆزبایی لە وەزیر كرد بە بۆنەی كردنەوەی باڵیۆزخانەی عێراق لە ئیرلەندا.
بە گوێرەی بەیاننامەكە، سەرۆك هیجینز پێداچوونەوەی بە ئەزموونی خۆی و سەردانەكانی پێشووی بۆ عێراق كرد لە ساڵانی هەشتاكانی سەدەی ڕابردوودا، و تیشكی خستە سەر بەشدارییەكانی لە بواری مرۆیی لە عێراق، هەروەك لە قسەكانیدا باسی لە كەسایەتییە ئیرلەندیەكان كرد كە لە چوارچێوەی بەرنامەكانی پاڵپشتی مرۆیی و بەرنامەی خۆراكی جیهانی لە ماوەی گەمارۆ ئابوورییەكان لە ساڵانی نەوەدەكاندا لە عێراق كاریان كردووە.
هاوكات سەرۆكی ئیرلەندا ستایشی، شارستانیەتی كۆنی عێراقی و دامەزراوە ڕۆشنبیرییەكانی عێراقی كرد، كە كە كاریگەریی ئەرێنی لەسەری بەجێهێشتووە، جەختیشی لە مافی هەموو پێكهاتەكانی كۆمەڵگای عێراق كردووە بۆ ئەوەی بە ئارامی و ئاسایشەوە بژین، و هۆشداریشی دا لە مەترسییەكانی شەڕ لەسەر كۆمەڵگاكان.
لای خۆیەوە وەزیری دەرەوە، سوپاسی خۆی بۆ سەرۆكی ئیرلەندا دەربڕی كە دەرفەتی ئەم دیدارەی ڕەخساند، ستایشی قووڵایی بیرۆكەكانی سەرۆك هیجینز و تێڕوانینە ئەرێنییەكانی سەبارەت بە عێراق و كۆمەڵگە هەمەچەشنەكەی كرد و داواشی كرد باڵیۆزخانەیەكی ئیرلەندی نیشتەجێی بەغداد بكرێتەوە بۆ بەهێزكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان.
هەر لەبەیاننامەكەدا هاتووە، كە لە كۆبوونەوەكەدا هەردوولا بارودۆخی ئێستای ناوچەكەیان تاوتوێ كرد، بەتایبەتی كاردانەوەی شەڕی غەززە و لوبنان، هەروەها جەختیان لەسەر گرنگی چڕكردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەكان كردەوە لەوانەش ڕۆڵی ئیرلەندا، بۆ ڕێگریكردن لە فراوانبوونی شەڕەكە.