بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای ئیسلامی شێخ هومام حەمودی، هەڵوێستی ئیسپانیای لە ڕەتكردنەوەی دەستدرێژی زایۆنییەكان بۆ سەر غەززە و لوبنان بەرز نرخاند.
نوسینگەی شێخ حەمودی لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، بڵاویكردەوە: شێخ هومام حەمودی لە میانەی دیدارێكدا لەگەڵ باڵیۆزی ئیسپانیا لە عێراق ئالیسیا ریكۆ، رایگەیاند: ئێمە هەڵوێستی حكومەتی ئیسپانیا و پەرلەمان و خەڵكی ئیسپانیا بەرامبەر بە دەستدرێژی زایۆنیەكان بۆ سەر غەززە و لوبنان بەرزدەنرخێنین، كە هەڵوێستێكی پێشكەوتووە و ئەمەش دەرفەتی هاوكاری فراوان بۆی لە عێراقدا دەكاتەوە و چاوەڕێی واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵاتدا دەكەین بۆ بەرزكردنەوەی هاوكاری و هاوبەشی دوولایەنە.
وتیشی: مافی مرۆڤ پەیامی ئەورووپایە، بەڵام بێدەنگی لە بەرامبەر پێشێلكارییە ترسناكەكان، پشتیوانی لە قەوارەی زایۆنیی و دوو پێوانەیی هەڵوێستەكانی وا دەكات ڕێزی لەدەست بدات و ئەوەی كە بەشێك لە وڵاتەكانی شوێن ئەمریكا دەكەون، وا دەكات كە تایبەتمەندیەتی خۆی لەدەست بدات.
رونیشیكردەوە: بنیامین ناتانیاهۆ تاكە كەسە كە شەڕی دەوێت، زۆریش سەرمان سوڕماوە كە جیهان ناتوانێت ڕێگری لێبكات، دەبێت ئەوروپا واز لە پشتیوانیكردنی بە چەك بهێنێت، شەڕ ناتوانێت كۆتایی بە ئیرادەی خەڵك بهێنێت و هەركاتێكیش ناوچەكەمان ڕووبەڕووی تاودان بووەوە هێزی زیاتر دەبێت.
لای خۆیەوە باڵیۆز دووپاتیكردەوە: كە ئیسپانیا لەگەڵ ئاشتییە، هەوڵدەدات كۆنفرانسێك لە بارەی فەلەستین بەڕێوەببات و پێی وایە قەوارەی زایۆنی تا دان بە مافەكانی فەلەستین نەنێت، بەهرەمەند نابێت لە ئاسایش و ئێمەش داوای ڕاگرتنی دەستبەجێی دەستدرێژی دەكەین دژی غەززە و لوبنان، بەپێی دەقی بەیاننامەكە.