قوباد تاڵەبانی لەگەڵ نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان كۆبووەوە

سیاسی
  • 16-10-2024, 20:55
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێم و محەمەد حەسان نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیان كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی قوباد تاڵەبانی لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر پێشوازیكرد لە محەمەد حەسان نێردەی تایبەتی سكرتێری گشتیی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان گفتوگۆیان كرد.
    لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی پیرۆزبایی لە محەمەد حەسان كرد بەبۆنەی دەستبەكاربوونی وەك نێردەی نوێی تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەركەكەیدا و ئامادەیی خۆشی دەربڕی بۆ هەرچەشنە هاوكارییەك لەگەڵ نوێنەرایەتی نەتەوەیەكگرتووەكان لە عێراق.
    لە تەوەری سەرەكی كۆبوونەوەكەدا باسی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان كرا، و هەردوولا جەختیان كردەوە لەسەر بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنێكی پاك و بێگەرد و رێزگرتنی لایەنەكان لە دەرەنجامەكانی هەڵبژاردن. 
    هەر لەم چوارچێوەیەدا جێگری سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە گرنگی هەڵبژاردنی ئەم خولەی پەرلەمانی كوردستان كرد و بە گرنگی زانی بۆ پاراستنی پاكی و بێگەردی هەڵبژاردن و بەهێزتركردنی پرۆسەی دیموكراسی لە هەرێمی كوردستان، نەتەوەیەكگرتووەكان و كۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە وردی چاودێری بەڕێوەچوونی پڕۆسەی هەڵبژاردن بكەن، بۆ ئەوەی ئاستی متمانەی هاوڵاتییانی هەرێم و لایەنە سیاسییەكانیش بە پرۆسەكە زیاتر ببێت.