هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی كۆماری توركیا، جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان كردەوە.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 2024/10/16 لە ئەنقەرە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆكی كۆماری توركیا كۆبووەوە، و تیایدا جەختیان لە برەودان بە پەیوەندییەكانی توركیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا كردەوە، لەمبارەیەوە چۆنیەتی بەرزكردنەوەی ئاستی ئاڵوگۆڕی بازرگانی و دەرفەتەكانی كار و وەبەرهێنان و سەرمایەگوزاریی توركییان لە ناوچە جیاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، تاوتوێ كرد.
هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، سەرۆكی كۆماری توركیا، تەئكیدی لە بەردەوامی هاوكاری و پشتگیریی وڵاتەكەی بۆ عێراق و هەرێمی كوردستان و هاریكاریی هاوبەشی نێوانیانی لە هەموو بوارەكاندا، كردەوە، هەروەها ئامادەیی و خواستی كەرتی تایبەتی وڵاتەكەی بۆ كار و وەبەرهێنان لە بوار و كەرتە جیاكاندا نیشان دا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا، هەردوولا نیگەرانی خۆیان دەربارەی ئاڵۆزیی دۆخی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسی و ئەگەری لێكەوتەكانی بەسەر ناوچەكەوە دەربڕی، لەمبارەیەوە هاوڕا بوون كە پێویستە هەمووان كار بكەن بۆ ئەوەی ڕێگە لە تەشەنەسەندنی زیاتری ئالۆزییەكان بگیرێت و كێشەكان ئاشتییانە چارەسەر بكرێن.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداد، پرۆژەی ڕێگەی گەشەپێدان، پەیوەندییەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتانی ناوچەكە، مەترسییەكانی تیرۆر و بەرەنگاربوونەوەی داعش، چەند تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەكەوە بوون.