بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، وەزارەتی پلاندانان ئەنجامدانی روپێوییەكی نوێی ئابووری و كۆمەڵایەتی بۆ خێزانە عێراقییەكان ڕاگەیاند، و جەختیشیكردەوە: كە بەم نزیكانە ئەنجامەكان ڕادەگەیەنرێن.
وتەبێژی وەزارەت عەبدولزەهرا هنداوی لە لێدوانێكیدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی رایگەیاند: رێژەی بێكاری لە دوایین روپێوییدا كە لە ساڵی 2021 لەلایەن دەستەی ئامارەوە ئەنجامدراوە، گەیشتووەتە 16.5%، بەو پێیەی ڕێژەی بێكاری لەنێو ژناندا بەرز بووەوە بۆ نزیكەی 28%، لە كاتێكدا لە نێوان پیاواندا 14% بوو.
هنداوی رونیشیكردەوە: روپێوییەكە ساڵی 2021 بەهۆی پەتای كۆرۆنا لە هەلومەرجێكی تایبەتدا جێبەجێ كرا، بەو پێیەی پەتاكە بووە هۆی وەستانی چەندین چالاكی و پڕۆژە، ئەمەش بووە هۆی بەرزبوونەوەی ئاستی بێكاری لە وڵاتدا.
وتیشی: روپێوییەكی نوێ جێبەجێكراوە، كە بریتییە لە روپێوی ئابووری و كۆمەڵایەتی خێزانەكان و ئەنجامەكانیش بەم زووانە دەردەكەون كە وێنەیەكی ورد لە دۆخی ئێستا دەخەنەڕوو.
ئاشكراشیكرد: پێشبینییەكان ئاماژەن بۆ ئەگەری كەمبوونەوەی ڕێژەی بێكاری لە عێراق، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو پڕۆژە گەورانەی كە ئێستا جێبەجێ دەكرێن،و وتیشی: ئەو سەرژمێرییە گشتییەی دانیشتوان كە لە تشرینی دووەمی داهاتوو ئەنجام دەدرێت، بە هەمان شێوە بەشدار دەبێت لە دیاریكردنی ڕێژەی بێكاری بە شێوەیەكی وردتر.
هنداوی جەختیشیكردەوە: لە دوو ساڵی ڕابردوودا عێراق شایەتحاڵی دەستپێكردنی جێبەجێكردنی زۆرێك لە پڕۆژەی گرنگ بووە، جا چ نوێ بێت، وەك پڕۆژەی كەمكردنەوەی قەرەباڵغی هاتوچۆ و كۆمەڵگەی نیشتەجێبوون، یان دەستپێكردنەوەی كاركردن لەسەر پڕۆژە ڕاگیراوەكان، و وتیشی: ئەم پڕۆژانە بەشدارییەكی بەرچاویان كردووە لە دابینكردنی هەلی كاری نوێدا ئەمەش بەشدارە لە كەمكردنەوەی ڕێژەی بێكاری.
هنداوی پێشبینیشی كرد: ئەنجامی روپێوییە ئابووری و كۆمەڵایەتییەكان و سەرژمێری گشتی دانیشتوان، دابەزینی ڕێژەی بێكاری لە عێراق نیشان بدەن، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی ئەو پڕۆژە گەشەپێدانانەی كە لە وڵاتدا دەكرێن و ئەو هەوڵانەی بۆ باشتركردنی دۆخی ئابووری دراون.