هەولێر - INA - ئیڤان ناسر
ئەمڕۆ چوارشەممە، وتەبێژی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق ئەیسەر یاسین، تەئكیدیكردەوە: ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بەڕێژەی 97% بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان تەواو بووە.
یاسین بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: ئامادەكارییەكانی كۆمسیۆن بۆ هەڵبژاردنی 2024ی پەرلەمانی هەرێمی كوردستان بەردەوامە و ڕێژەی تەواوكردنی پێداویستییەكانی ڕۆژی دەنگدان گەیشتووەتە 97%..
ئاماژەی بەوەشكرد: كۆمسیۆن ناوەندی دەنگدانی ئامادەكردووە بۆ دەنگدانی تایبەت لە ژمارەیەك لە پارێزگاكانی عێراق لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان، و وتیشی: 5 هەزار و 600 دەنگدەر هەن كە لە دەنگدانی تایبەتدا دەنگدەدەن لە پارێزگاكانی بەغداد (كەرخ - رەسافە)، دیالە و واست و كەركوك و ئەنبار و سەڵاحەدین و نەینەوا.
رونیشیكردەوە: لە بەری رەسافەی بەغدادی پایتەخت، (1 ناوەند و 2 وێستگە) كرایەوە بۆ وەرگرتنی 433 دەنگدەر، لە بەری كەرخیش (2 ناوەند و 8 وێستگە) بۆ وەرگرتنی 2 هەزار و 414 دەنگدەر كراوەتەوە.
راشیگەیاند: لە پارێزگای دیالە، (1 ناوەند و وێستگە) كرایەوە بۆ وەرگرتنی 266 دەنگدەر، لە پارێزگا واست (1 ناوەند و وێستگە) كرایەوە بۆ وەرگرتنی 191 دەنگدەر، هەروەها لە پارێزگای كەركوك، (1 ناوەند و 2 وێستگە) بۆ پێشوزای لە 488 دەنگدەر، لە پارێزگای ئەنبار بە (1 ناوەند و وێستگە) بە 196 دەنگدەر.
وتەبێژی فەرمی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی عێراق بۆ ساڵی 2024 ئاماژەی بەوەدا: لە پارێزگای سەڵاحەدین (1 ناوەند و 2 وێستگە) ئامادە كراوە بۆ وەرگرتنی 574 دەنگدەر، بۆ پارێزگای نەینەواش (4 ناوەند و 5 وێستگە) تەرخانكراوە بۆ وەرگرتنی 1038 دەنگدەر.
سەبارەت بە ناوەندەكانی هەڵبژاردن و بنكەكانی دەنگدان لەناو پارێزگاكانی هەرێم، یاسین رونیكردەوە: ناوەندەكانی دەنگدان و وێستگەكانی دەنگدانی تایبەت لە پارێزگاكانی هەرێم بەپێی ژمارەی دەنگدەران دابەشكرا، پارێزگای هەولێر (62 ناوەند و 306 وێستگەی هەڵبژاردن) ئامادەكراون بۆ وەرگرتنی 89 هەزار و 791 دەنگدەر، هەروەها پارێزگای سلێمانی (57 ناوەند و 276 وێستگە) ئامادەكراوە بۆ وەرگرتنی، 78 هەزار و 661 دەنگدەر.
وتیشی: لە پارێزگای دهۆك (33 ناوەند و 142 وێستگە) بۆ وەرگرتنی 40 هەزار و 956 دەنگدەر)، هەروەها پارێزگای هەڵەبجە (1 ناوەند و 3 وێستگە) بۆ وەرگرتنی 952 دەنگدەر.
راشیگەیاند: لە ڕۆژی دەنگدانی گشتیدا ژمارەی ناوەند و وێستگەكانی هەڵبژاردن و ژمارەی دەنگدەرانی پارێزگاكانی كوردستان بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر (498 ناوەند، 2,213 وێستگە، 933,115 دەنگدەر).
سلێمانی (477 ناوەند و 2,373 وێستگە، 1,008,412 دەنگدەر).
دهۆك (264 ناوەند و 1,596 وێستگە، 682,791 دەنگدەر).
هەڵەبجە (27 ناوەند، 136 وێستگە، 59 هەزار و 300 دەنگدەر).
دوێنێ سێشەممە كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان تەئكیدیكردەوە: كەهەموو بابەتە تەكنیكی و لۆجستیەكان ئامادەن بۆ هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان.