سەرۆكی هەرێم و باڵیۆزی بەریتاینا تەئكید لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەكەنەوە

سیاسی
  • 9-10-2024, 18:09
  • +A -A

    هەولێر - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق، جەختیان لە گرنگی ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: نیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پێشوازیی لە ستیڤن هیچن، باڵیۆزی بەریتانیا لە عێراق كرد، و لە كۆبوونەوەیەكدا، برەودان بە پەیوەندییەكان و بوارەكانی هاریكاریی هاوبەشی بەریتانیا لەگەڵ عێراق و هەرێمی كوردستان، دۆخی گشتیی عێراق و دۆخی ناوخۆ و هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان و گفتوگۆی هەولێر ـ بەغداد بۆ چارەسەركردنی كێشەكانی نێوانیان، تاوتوێ كران.
    هەر بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، هەردوولا جەختیان لە گرنگی ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردن بۆ هەرێمی كوردستان كردەوە و هیوای سەركەوتنیان بۆ پرۆسەی دەنگدان خواست. دەربارەی پەیوەندییەكانی هەولێر ـ بەغداش، هاوڕا بوون لەسەر ئەوەی كێشەكان بە گفتوگۆ و لێكگەیشتن چارەسەر بكرێن. لەمبارەیەوە نێچیرڤان بارزانی لێكتێگەیشتنی هاوبەشی هەولێر و بەغدادی بە‌ كلیلی سەقامگیریی عێراق، لە قەڵەمدا.
    لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا هەلومەرجی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و مەترسیی فراوانبوونی گرژییەكان و ئاڵۆزبوونی زیاتری ڕەوشەكەیان خستە بەر باس. لەمبارەیەوە هەردوولا داكۆكییان لە پێویستیی پاراستنی ئارامی و سەقامگیری و ‌دوورخستنەوەی ناوچەكە لە ئەگەری تەشەنەسەندنی زیاتری شەڕ و پێكدادان و لێكەوتەكانی كردەوە.