بەغداد - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری دادوەر فایق زێدان، رایگەیاند: سبەینێ پێنجشەممە یاداشتێكی لێكتێگەیشتنی لەگەڵ داواكاری گشتی روسیا بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییەكان واژۆ دەكەین.
زێدان بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ڕاگەیاند: بانگهێشتنامەیەكمان لە دادگای باڵای فیدراڵی روسیا پێگەیشت بۆ ئاگاداربوون لە سیستەمی دادوەری و یاسایی لە روسیا و ئەم بانگهێشتنامەیەش وەڵامدرایەوە، و وتیشی: ئەمە یەكەم سەردانی شاندێكی دادوەری عێراقە بۆ دەسەڵاتی دادوەری لە روسیا.
ئاماژەی بەوەشكرد: سبەینێ یاداشتێكی هاوكاریی دادوەری و یاسایی لەگەڵ داواكاری گشتی روسیا واژۆ دەكرێت بۆ بەرزكردنەوەی هاوكارییە دادوەری و یاساییەكانی نێوان هەردوو وڵات، و وتیشی: بانگهێشتی هاوتاكانمان لە دەسەڵاتی دادوەری روسیا كردووە بۆ سەردانی بەغداد و ئاگاداربوون لە سیستەمی دادوەری لە عێراق.
هاوكات سەرۆكی دەستەی چاودێریی دادوەری لە ئەنجومەنی باڵای دادوەری لەیس جەبر، بەئاژانسی هەواڵی عێراقی راگەیاند: ئامانجی سەردانەكەمان بۆ مۆسكۆ كۆبونەوەیە لەگەڵ هاوتاكانمان لە ئەنجومەنی دادوەری روسیا بۆ گفتوگۆكردن و پتەوكردنی پەیوەندییە دادوەرییەكانی نێوان هەردوو وڵات، و وتیشی: ئەو یاداشتنامەی لێكتێگەیشتنەی كە سبەی واژۆ دەكرێت، پتەوكردنی پەیوەندییە دادوەرییەكان و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەكان و سەردانی زانستی و دادوەری نێوان هەردوو وڵات لەخۆدەگرێت.