بەغداد - INA
ئەمڕۆ سێشەممە، فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان ڕایگەیاند: دوێنێ لە هێرشێكی ئاسمانیدا بەناو والی سەڵاحەدینی داعش كوژرا.
فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: جگە لەو بەیاننامەیەی سەبارەت بە هێرشە ئاسمانییەكانی دوێنێی ناوچەی عەیس لە كەرتی سەڵاحەدین كە بنكەی مەفرەزەیەكی تیرۆریستی كردە ئامانج، ئەمڕۆ هێزێك لە مەفرەزەكانی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی سەلاحەدین، كەتیبەی ئیستتڵاع و مەفرەزەكانی هەواڵگری سەربازی فەرماندەیی، بە سەرپەرشتی فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكان، بۆ گەڕان و پشكنینی شوێنی ئامانجدار بەڕێكەوتن، و 4 تەرمی تیرۆریستانی داعشیان دۆزیەوە، كە لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییە وردەكان كوژراون، لەنێویاندا تەرمی ئەو تیرۆریستە بە ناوی (ئەبو عومەر قورەیشی)كە بەناو والی سەڵاحەدین هەیە.
ئاماژەی بەوەشكرد: لەو شوێنەدا 3 پشتێنی تەقینەوەو ژمارەیەك چەكی جیاوازو كۆمەڵێك دوربینی شەوانە و ژمارەیەكی زۆر نارنجۆك و كەرەستەی تەكنیكی جۆراوجۆر و 8 مۆبایل دۆزرانەوە، لەگەڵ بڕێك كەرەستەی لۆجستی و كارگێڕی پەیوەست بە مەفرەزە تیرۆریستیەكە كە لەم هێرشەدا كوژران.
ئاشكراشیكرد: ئەو هێزەی ئەركەكەی جێبەجێكردووە بنكەیەكی تیرۆریستی دیكەیان دۆزیوەتەوە كە بە دوورییەك لە یەكەم بنكەی ئامانجدارەوە دوورە، هێزە ئەمنییەكانیش كاریان كردووە بۆ ئەوەی بە تەواوی لەناوی ببەن و ئۆپەراسیۆنەكەش تا ئێستا بەردەوامە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، هێزە ئەمنییەكان ئەركەكان بۆ گەیشتن بە ئامانجەكانیان بە وردی جێبەجێدەكەن، هەروەها بەردەوامن لە ئەركە تایبەتەكانیان بۆ تۆڵەسەندنەوەی دادپەروەرانە بەرامبەر پاشماوەی چەتە تیرۆریستییە تێكشكاوەكانی داعش.