سەرۆك وەزیران بۆ هاوتا ئیسپانییەكەی: پەرەسەندن لە لوبنان و غەززە هەڕەشەی خلیسكاندنی ناوچەكە دەكات بۆ شەڕێكی سەرتاسەری

سیاسی
  • 3-10-2024, 20:44
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە میانی پەیوەندییەكی تەلەفۆنیدا لەگەڵ هاوتا ئیسپانییەكەی پێدرۆ سانچێز، تەئكیدیكردەوە: پەرەسەندن لە لوبنان و غەززە هەڕەشەی خلیسكاندنی ناوچەكە بۆ شەڕێكی سەرتاسەری دەكات.
    نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لەلایەن سەرۆك وەزیرانی شانشینی ئیسپانیا (پێدرۆ سانچێز)ەوە پێگەیشت، و تیایدا لەبارەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاكانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاكاندا گفتوگۆیان كرد.
    لە بەیاننامەكەدا ئاماژە بەوەشكراوە: سودانی ستایشی هەڵوێستی ئیسپانیا و بەتایبەتی پێدرۆ سانچێز، سەرۆك وەزیرانی وڵاتەكەی كرد لە بارەی پرسی فەڵەستین كە لە دانپێدانانی دەوڵەتی فەلەستین بەرجەستە بوو، و جەختیشیكردەوە: پێویستە یەكێتیی ئەورووپا دەستوەردان بكات بۆ ڕاگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەكانی زایۆنییەكان بۆ سەر غەززە، ئەمە جگە لەو پەرەسەندنە مەترسیدارەی كە چەند ڕۆژێكە لوبنان دەكاتە ئامانج، كە هەڕەشەی خلیسكاندنی ناوچەكە بۆ شەڕێكی سەرتاسەری دەكات.
    لە درێژەی بەیاننامەكەدا هاتووە: پەیوەندییە تەلەفۆنیەكە شایەتحاڵی گفتوگۆكردن بوو لەسەر ڕێكارەكانی كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، بەتایبەتی كە ئیسپانیا ئەندامێكی گرنگی ئەو هاوپەیمانییەیە، هەروەها پێویستە ئامادەكاری بۆ واژۆكردنی یاداشتنامەی لێكتێگەیشتن لە نێوان هەردوو وڵات بكرێت بۆ ئەوەی بتوانرێت بەرەو پەیوەندییەكی هاوبەشی دوولایەنە هەنگاوبنرێت كە لەسەر بنەمای بەرژەوەندی هاوبەش بێت.