سەرۆك كۆمار: خەڵكی كەركوك سەلماندیان ویستی بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە

سیاسی
  • 3-10-2024, 20:29
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال ڕەشید، تەئكیدیكردەوە: خەڵكی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییەكان، سەلماندیان ویستی بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە.
    سەرۆكایەتی كۆمار لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆك كۆمار عەبدوللەتیف جەمال رەشید لەگەڵ ژمارەیەك لە سەرۆكی یەكە ئیدارییەكان و كەسایەتیی دیار و سەرۆك عەشیرەتەكانی پارێزگای كەركوك كۆبۆوە، كە نزار ئامیدی وەزیری ژینگە و ژمارەیەك راوێژكاری سەرۆك كۆمار و لێپرسراوان ئامادەیبون.
    ئاشكراشیكرد: لە سەرەتای كۆبونەوەكەدا، كە ئەمڕۆ پێنجشەممە لە پارێزگای كەركوك بەڕێوەچوو، سەرۆك كۆمار خۆشحاڵی خۆی بە سەردانی پارێزگای كەركوك دەربڕی و ئاماژەیكرد بەو گرنگییەی شارەكە هەیەتی لەڕووی فرەیی دانیشتوان و سامانی سروشتییەوە،و جەختیكردەوە: لەسەر پێویستی وەبەرهێنانكردن لەو خەسڵەتانە تا بخرێنە خزمەتی خەڵكی پارێزگای كەركوك.
    سەرۆك كۆمار دوپاتیكردەوە: خەڵكی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانیەوە، سەرەڕای ئاڵنگارییەكان، سەلماندیان ویستی بەهێزیان هەیە بۆ پاراستنی پێكەوەژیانی ئاشتیانە و بەرزڕاگرتنی بەهای برایەتی، ئەمەش ئاماژەیە بۆئەوەی شاری كەركوك پێویستی بە هەوڵی پێكەوەیی زیاتر هەیە بۆ هەنگاونان و بەردەوامبوون لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و پەرەپێدانی ژێرخانی ئابوری، جگە لە چڕكردنەوەی هەوڵەكانی حكومەت بۆ پەرەپێدانی ئاستی بژێوی و خزمەتگوزاریی بۆ هاوڵاتیانی پارێزگاكە.
    سەرۆك كۆمار ئاماژەی بەوەشدا: ئەو بەرپرسیارێتییەی ئەمڕۆ دەكەوێتە ئەستۆی سەرۆكی یەكە كارگێڕییەكان، پێشخستنی دۆخی پارێزگای كەركوكە لەسەرئاستی جۆراوجۆری ئەمنی، پەروەردەیی، تەندروستی، خزمەتگوزاری و ئابوری.
    هاوكات سەرۆك كۆمار باسی لەو رۆڵە گرنگە كرد، كە سەرۆك عەشیرەت و كەسایەتییە دیارەكان دەیبینن لە بەرقەراركردنی ئاسایش و سەقامگیری و بڵاوكردنەوەی بەهای خۆشەویستی، و جەختیشیكردەوە: كە سەرۆكایەتی كۆمار لەگەڵ هەموولایەك كاردەكات بۆ پشتیوانی ئەم هەوڵانە.
    هەر بە گوێری بەیاننامەكە، لە میانەی كۆبونەوەكەدا، باس لە دۆخی كارگێڕی و خزمەتگوزاری لە قەزا و ناحیەكانی پارێزگای كەركوكدا كرا، هەروەها باس لە پێویستی پاڵپشتیكردنی هەوڵ و كاری یەكە ئیدارییەكان كرا بۆ چارەسەركردنی ئەو كێشانەی روبەڕویان دەبێتەوە، سەرەڕای دانانی میكانیزم و چارەسەر بۆ پەرەپێدانی لایەنی ئیداری و خزمەتگوزاری و كارایی لە كاركردندا بۆ دابینكردنی پێداویستییەكانی هاووڵاتیان.
    لای خۆیانەوە ئامادەبووان خۆشحاڵی خۆیان بە سەردانەكەی سەرۆك كۆمار بۆ كەركوك دەربڕی، هەڵوێست و پێشنیارەكانیان بەرزنرخاند بۆ پشتیوانی لە چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و سەلامەتی دانیشتوانەكەی، هەروەها باسیان لە كۆمەڵێك پرسی كۆمەڵایەتی كرد و گرنگی چارەسەركردنیان لەپێناو خزمەتكردنی خەڵكی پارێزگاكە دوپاتكردەوە.