بهدواداچوون -INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەرگرییە ئاسمانییهكانی سوریا لە کەناراوەکانی شاری جەبلە لە نزیك لازقییە لە باکووری ڕۆژئاوای سوریا ڕووبەڕووی ئامانجەکانی دوژمن بوونەتەوە.
ئاژانسی "سپۆتنیک"ی ڕووسی بڵاویکردەوە، "یەکێک لە مووشەکەکان لە پەراوێزی شارەکە کەوتووەتە خوارەوە و بەهۆیەوە ئاگرەکە کەوتۆتەوە، هاوکاتە لەگەڵ دەنگی تەقینەوە بەهێزەکان".
ئاژانسەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئەمنییەوە ڕایگەیاندووە، “بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ ماوەی زیاتر لە نیو کاتژمێر مامەڵەیان لەگەڵ ئامانجە دوژمنکارەکان کردووە کە پێدەچێت فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بن کە هەوڵی یەک لە دوای یەکیان داوە هەندێک شوێن لە پەراوێزی شاری جەبلی سوریا بکەنە ئامانج”.
تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە و بەرگری شارستانی بەپەلە گەیشتنە شوێنی کەوتنەخوارەوەی مووشەکەکە، لەوێش تیمەکانی ئاگرکوژێنەوە توانیان ئەو ئاگرە بکوژێننەوە کە لە کۆگایەکدا لە جەرگەی شاری جەبلەی سوریا کەوتەوە دوای ئەوەی مووشەکەکە کەوتە خوارەوە.
لەکاتێکدا ڕادیۆی "شام ئێف ئێم"ی سوریا پشتڕاستی کردەوە کە دەنگی تەقینەوە لە ئاسمانی شارەکانی لازقیە و جەبلە بیستراوە و میدیاکانی ئیسرائیلیش ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە، ئاژانسی فەرمی "سانا" تا ئەم ساتە هیچ زانیارییەکی بڵاونەکردووەتەوە، هەروەها هیچ زانیارییەکیش نەبووە هەر لێدوانێکی فەرمی لە لایەن دەسەڵاتدارانی سوریاوە.