بەغدا-INA
ئەمڕۆ یەکشەممە،شانەی ڕاگەیاندنی ئەمنی دووپاتی کردەوە کە سوپای عێراق خاوەنی توانایەکی بەرزە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات، هاوکات ئاماژە بە بوونی هەوڵە بەردەوامەکانی حکومەت و تەرخانکردنی پارەی پێویست دەکات بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی لە ڕێگەی کڕینی سیستەمی نوێ و پێشکەوتوو و مۆدێرن.
لیوا "تەحسین خەفاجی"سەرۆکی شانەکە، بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: هەوڵێکی زۆر لە سەرکردایەتی سیاسی و سەربازی هەیە،بەسەرۆکایەتی "محەمەد شیاع سودانی " فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان،بۆ زیادکردنی تواناکانی بەرگری ئاسمانی.
"خەفاجی " ڕاشیگەیاند: پارەیەکی زۆر لەلایەن دەوڵەتەوە تەرخانکراوە بۆ پەرەپێدانی هێزی ئاسمانی عێراق و کڕینی ڕاداری پێشکەوتوو و سیستەمی مووشەکی پێشکەوتوو، ئەوە جگە لە باشترکردنی تواناکانی ئێستا لەڕێگەی ڕاهێنانی بەردەوام و کڕینی چەکی نوێ.
ئاماژەی بەوەشدا : کە دروستکردنی توانای بەرگری ئاسمانی پێویستی بە کات و هەوڵی دارایی بەرچاو هەیە، بەڵام ئەوە ڕەنگدانەوەی پابەندبوونی حکومەتە بۆ پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی وڵات.
ووتیشی : هەوڵ و خواستێکی زۆر لەلایەن فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکانەوە هەیە بۆ تەرخانکردنی بودجە بۆ پڕۆژەکانی پەرەپێدان و بەهێزکردنی بەرگری ئاسمانی.
ئاشکراشیکرد : کە لێک تێگەیشتن و هاوکاری زۆر لەگەڵ کۆمپانیا پێشکەوتووەکان لەم ڕووەوە کراوە، وەک کۆمپانیاکانی کۆریای باشوور، کە تەکنەلۆژیای پێشکەوتوو دابین دەکەن و لەوبوارەوە کێبڕکێ لەگەڵ سیستەمی جیهانیدا دەکەن.
هەر لە درێژەی قسەکانیدا "خەفاجی " جەختی کردەوە : کە سوپای عێراق توانای بەرزی هەیە،و جۆرەها ئامێری هەیە، لەوانە سیستمی ڕووسی و کۆری و ئەمریکی و ڕاداری فەرەنسی،کە ئەمەش توانای پاراستنی ئاسمانی و ئامانجە گرنگەکان بەهێزدەکات، جگە لەوەش گرنگی پێدان بە ڕاهێنانی بەردەوامی سەربازی.