سلێمانی - INA
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران بە یاوەری جەعفەر شێخ مستەفا جێگری سەرۆكی هەرێم و دكتۆر هەڤاڵ ئەبوبەكر پارێزگاری سلێمانی، قوتابخانەی حاجی پڕشنگی شێخ رەشیدی كردەوە.
قوتابخانەی بنەڕەتی حاجی پڕشنگی شێخ رەشید لە گەڕەكی راپەڕینی شاری سلێمانی، قوتابخانەیەكی 18 پۆلییە و هەموو پێداویستییەكی لە هۆڵی وەرزش و تاقیگەی كۆمپیوتەر و كتێبخانە و رووبەری سەوزایی بۆ دابین كراوە.
زەوی قوتابخانەكە لەلایەن شارەوانی سلێمانی دابین كراوە و لەلایەن بنەماڵەی كۆچكردوو حاجی پڕشنگی شێخ رەشید دروست كراوە، لە كاتی كردنەوەی قوتابخانەكەدا قوباد تاڵەبانی سوپاس و ستایشی بنەماڵەی حاجی پڕشنگی شێخ رەشیدی كرد كە بە دروستكردنی ئەم قوتابخانە ناوازەیە خزمەتێكی گەورەیان بە كەرتی پەرەوەردەی هەرێمی كوردستان كردوە.