بەغداد - INA
سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بانگهێشتی ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد بۆ سەردانی عێراق و بەشداریكردن لە لوتكەی عەرەبی كە بەغداد لە مانگی ئایاری 2025 میوانداری دەكات.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئێوارەی دوێنێ پێنجشەممە (بەكاتی بەغداد)، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە كۆتایی بەشداریكردنی لە 79هەمین دانیشتنی كۆبوونەوەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان لە نیویۆرك، لەگەڵ ئەمینداری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس كۆبووەوە، و لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە كرا بە سەرجەم فایلەكانی هاوكاریی بنیاتنەری نێوان عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكان، و پرسەكانی هەنگاوی هاوبەش، هەروەها گفتووگۆكرا لەبارەی پێشهاتەكانی دۆخی ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و بەردەوامی دەستدرێژی بۆ سەر لوبنان و فەلەستین، كە مەترسییەكی گەورە لەسەر ئاسایش و سەقامگیری ناوچەیی و نێودەوڵەتی دروست دەكات.
بەپێی بەیاننامەكە، سودانی، پێزانینی خۆی بۆ ئەو هەڵوێستە مەبدەئییانەی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەربڕی سەبارەت بە پرسی دەستدرێژی بۆ سەر غەززە و ئیدانەكردنی ئەو تاوانانەی دژ بە مرۆڤایەتی كە دژی گەلی فەلەستین ئەنجامدراون، لەگەڵ ئەو هێرشانەی كە لە دژی لوبنان ئەنجام دراون، و هاوكات ئەو هەڵوێستانەی بە ڕێزگرتن لەو بناغانەی وەسف كرد كە ڕێكخراوە نێودەوڵەتییەكەی لەسەر بنیات نراوە.
سەرۆك وەزیران دووپاتیكردەوە: عێراق سوپاسی هاوكاری و پشتیوانی ئاژانسەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات لەپێناو چەسپاندنی سەقامگیری لە عێراق و پشتیوانیكردنی عێراقییەكان لە شەڕی دژی داعش و چەسپاندنی ئەو سەركەوتنەی كە لە سایەی یەكگرتوویی عێراقدا بەدەست هاتوە و یارمەتیدانی دۆستان و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی .
هاوكات سەرۆك وەزیران بانگهێشتی ئەمینداری گشتی ڕێكخراوی نێودەوڵەتی كرد بۆ سەردانی عێراق و بەشداریكردن لە كارەكانی لوتكەی عەرەبی، كە بەغداد لە مانگی ئایاری 2025 میوانداری دەكات.
لای خۆیەوە گۆتێرێس ستایشی پەیوەندییەكانی نێوان عێراق و نەتەوە یەكگرتووەكانی كرد و بە پەیوەندییەكی نموونەیی و نایاب وەسفی كرد، هەروەها نەتەوە یەكگرتووەكان هۆگری چەسپاندنی خۆشگوزەرانی و پێشكەوتنە، و گەیشتن بە گەشەپێدانی بەردەوام بۆ گەلی عێراق.
هاوكات سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ ئەو گفتوگۆ بنیاتنەرە هاوبەشانە دەربڕی كە بووە هۆی كۆتایی هاتنی كارەكانی نوێنەرایەتی یونامی لە عێراق، هەروەها ئاسۆی هاوكاری لە چەند بوارێكدا لەگەڵ دەزگا پەیوەندیدارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان كردەوە، كە گرنگترینیان پاڵپشتیكردنی عێراقە لە ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەكانی گۆڕانی كەشوهەوا و ئاستەنگە ئابورییەكانی تر و بەرنامەكانی پەرەپێدانی كۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری كە عێراق هەنگاوی گرنگی تێدا ناوە.