بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بانگهێشتی فەرمی بۆ سەردانی ئیسلام ئاباد لەلایەن شەهباز شەریف هاوتا پاكستانییەكەیەوە پێگەیشت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، لە پەراوێزی بەشداریكردنی لە خولی 79ی كارەكانی كۆمەڵەی گشتی نەتەوەیەكگرتووەكان، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە (بەكاتی بەغداد) لە نیویۆرك، لەگەڵ سەرۆك وەزیرانی پاكستان شەهباز شەریف كۆبووەوە.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد: لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆكرا لەبارەی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان و ڕێگاكانی پەرەپێدانیان لە بوارە جیاجیاكاندا، هەروەها باس لە دوایین پێشهاتەكانی دەستدرێژی لە غەززە و لوبنان و ئەو هەوڵانەی كە دراون بۆ ڕاگرتنی شەڕی جینۆساید دژی فەلەستینییەكان و پارێزگاری لە لوبنانی برا و گەلە سەلامەتەكەی بكەن.
بەگوێرەی بەیاننامەكە، سودانی بۆ هاوتا پاكستانییەكەی تەئكیدیكردەوە: لە خواستی عێراق بۆ قووڵكردنەوەی پەیوەندی لەگەڵ پاكستان لە بوارە جیاجیاكاندا، و ئەوەی كە حكومەت سیاسەتێكی كراوە پەیڕەو دەكات بۆ هەموو هەنگاوەكانی هاوبەشی ئابووری، هەروەك چۆن عێراق شایەتحاڵی هەڵسانەوەیەكی شارستانی و ئابووری و بوژاندنەوەی بوارەكانی پیشەسازی و كشتوكاڵییە، ئەوە جگە لە خواستی قووڵ بۆ كردنەوەی دەرگای هاوبەشی بنیاتنەر لەگەڵ وڵاتانی برا و دۆست.
هەروەك ئاماژەیكرد: بەو هەوڵە سەرەكیانەی كە عێراق ئەنجامی دەدات بۆ ڕێگریكردن لە تاودانی دۆخی ناوچەكە و ڕاگرتنی دەستدرێژییەكان، لەوانە دەستپێشخەریی داوای ئەنجامدانی لوتكەی ئیسلامی كە ڕیزەكانی وڵاتانی ئیسلامی یەكبخات، بە سەرۆكایەتی پاكستان، بۆ ئەوەی دۆخەكە نەخلیسكێتە شەڕێكی هەمەلایەنە و پارێزگاری لە گەلانی لوبنان و فەلەستین بكرێت.
لای خۆیەوە شەهباز شەریف بانگهێشتی سودانی كرد بۆ سەردانی ئیسلام ئاباد بە مەبەستی دامەزراندنی بناغەی زیاتر بۆ هاوكاری و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات و فراوانكردنی ڕێككەوتنەكانی ئاڵوگۆڕی بازرگانی.
هەروەها ناوبراو پشتیوانی خۆی بۆ دەستپێشخەری عێراقی دەربڕی كە داوای ئەنجامدانی لوتكەی ئیسلامی دەكات كە دەستدرێژیی ئێستای دژ بە لوبنان و فەلەستین لەبەرچاو بگرێت، هەروەها هەڵوێستێكی یەكگرتوو سەبارەت بە بەردەوامی كۆمەڵكوژی گەلی فەلەستین و هەوڵدان بۆ فراوانكردنی شەڕ لەلایەن حكومەتی داگیركەرەوە دابڕێژێت.