بەغداد - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكی لیژنەی دارایی پەرلەمان عەتوان عەتوانی، ڕێككەوتنی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان بۆ پێداچوونەوە بە گرێبەستە نەوتییەكانی بۆ گونجاندنی لە رووی دەستوورییەوە ڕاگەیاند.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەران لە بەیاننامەیەكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: شاندی لیژنەی دارایی پەرلەمان، بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی كە بە سەردانێك لە شاری هەولێرە، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بینای ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان، كۆبوونەوەیەكی تەكنیكی فراوانكراویان لەگەڵ نوێنەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجامدا، بۆ گفتوگۆكردن لەسەر چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان بەغداد و هەولێر.
بەگوێرەی بەیاننامەكە عەتونی رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا پێداچوونەوە بە فایلەكانی نەوت و داهاتی دارایی و ئۆتۆماتیكیكردنی دەروازە سنوورییەكان و یەكخستنی باجی گومرگی و بنەجێكردنی مووچەی فەرمانبەران كرا.
ئاماژەی بەوەشكرد: نەخشەڕێگایەكمان داڕشتووە بۆ چارەسەركردنی خاڵە ناكۆكییەكانی نێوان حكومەتی ناوەندی و حكومەتی هەرێم سەبارەت بە مەلەفی هەناردەكردنی نەوت.
عەتوانی وتیشی: لە كۆبوونەوەكەدا گەیشتنە ڕێككەوتنێكی پێشوەختە لەگەڵ حكومەتی هەرێم بۆ ئەنجامدانی پێداچوونەوەیەكی گشتگیر بە گرێبەستە نەوتییەكان بۆ گونجاندنیان لەگەڵ دەستووری عێراق، وەك ئامادەكارییەك بۆ چارەسەركردنی كێشەی وەستانی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم، و ڕوونیشیكردەوە: لە ڕێككەوتنەكەدا هاتووە كە حكومەتی ناوەند و حكومەتی هەرێم وەك لایەنێكی یەكگرتوو بچنە ناو دانوستان لەگەڵ كۆمپانیا نەوتییە نێودەوڵەتییەكان كە لە هەرێمدا كاردەكەن، بە ئامانجی هەمواركردنەوەی گرێبەستەكانیان لە هاوبەشی بەرهەمهێنانەوە بۆ هاوبەشیكردن لە قازانج، هەروەها وەك پێداچوونەوە بە بارودۆخی ئابووری و بازرگانی.
ئاماژەی بەوەشكرد: لیژنەی دارایی پەرلەمان كاردەكات بۆ دانانی بنەمایەكی دروست بۆ دانوستان بۆ چارەسەری كێشە هەڵپەسێردراوەكان، لە پەرۆشی خۆی بۆ چارەسەركردنی مەلەفی هەناردەكردنی نەوت لەماوەی ئەمساڵدا و یەكلاییكردنەوەی ناكۆكییەكان لەگەڵ هەرێم، و وتیشی: لیژنەكە لەگەڵ گەڕانەوەی بۆ بەغدا لەگەڵ وەزارەتی نەوتی فیدراڵی كۆدەبێتەوە، بەمەبەستی گفتوگۆكردن لەسەر پرسە مشتومڕاوییەكان و پاڵنانی ئەوەی كە لەژێر چەتری دەستووردا چارەسەر بكرێن.
عەتوانی تەئكیدیشیكردەوە: لە كۆبوونەوەكەدا بە ژمارە پێداچوونەوە بە هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی فایلی بنەجێكردنی مووچەی فەرمانبەران لە هەرێم كرا، كە تیایدا جەخت لەسەر پێویستی پابەندبوون بە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی كرایەوە.
بەگوێرەی بەیاننامەكە عەتوانی رایگەیاند: لە كۆبوونەوەكەدا گفتووگۆكرا لەبارەی فایلی دەروازە سنوورییەكان و گومرگ و باجەكان و ڕێگاكانی خستنەڕووی داهاتەكانیان لە بودجەی گشتی وڵات و ڕادەی پابەندبوونی حكومەتی هەرێم بە ناردنی ئەو پارانە بۆ حكومەتی فیدراڵی.