حكومەتی هەرێم بە هەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەست وەك هەنگاوێكی سەرەتایی پەسەند دەكات و داوا لە حكومەتی فیدراڵ دەكات ڕەزامەندی لەسەر بدات

سیاسی
  • 25-09-2024, 20:39
  • +A -A

    هەولێر - INA 
    ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: پشتیوانی سەرژمێریی گشتین ، بەڵام نابێت بۆ هیچ مەبەستێكی سیاسی بەكار بهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێكارێكی دەستوریی كە لە ماددەی 140 دا هاتووە.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بە ساڵیادی ڕیفراندۆم كرد وەك پرۆسەیەكی دیموكراتیانە و بەو بۆنەیەوە پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان كرد.
    سەرۆك وەزیرانی هەرێم هەروەها بە بۆنەی دەستپێكردنی بانگەشەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان، دووپاتیكردەوە: كە پێویستە لە چوارچێوەی ڕێنماییەكان بانگەشەیەكی ئارام و شارستانیانە و لە سەرخۆ بكرێت، و هیواشی خواست كە ئەنجامی هەڵبژاردن لە خزمەتی دەسكەوت و مافە دەستوورییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان و پەرەپێدانی زیاتری دیموكراسیی بێت.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، بڕگەی یەكەمی كۆبوونەوە، تایبەت بوو بە گفتوگۆكردن لەسەر دۆسیەی (فەرمانبەرانی گرێبەست و دەرچووانی سێ یەكەمی لە زانكۆ و پەیمانگاكانی هەرێم و هەڵگرانی بڕوانامە باڵاكان و ئەوانەی كە یاسای پلەبەندی خاوەن پیشەی تەندروستی و پزیشكی) دەیانگرێتەوە، بۆ ئەم مەبەستە هەریەك لە سیراج بارزانی سەرۆكی ئەنجومەنی گشتیی ڕاژە و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران وردەكاریی ئەو بڕگەیەیان بە زانیاریی و ژمارەی پێویست و چوارچێوەی یاسایی و دارایی بابەتەكە خستەڕوو و ئاماژەیان دا بە ڕۆڵی بەرچاوی هێزی كاری فەرمانبەرانی گرێبەست لە ناو دامودەزگاكانی حكومەتی هەرێم كە خاوەنی ساڵانێكی زۆری خزمەتن و هەندێكیان بەرپرسیارێتی بەڕێوەبردنیشیان پێ دراوە، هەروەها ئاماژە بە ڕەوایی داوایان بۆ بەهەمیشەییبوون لەسەر میلاكی گشتی كرا، بە تایبەتی كە هەموویان تۆماری بایۆمەتریان بۆ ئەنجامدراوە و خاوەنی ژمارەی وەزیفیی خۆیانن و لیستی مووچە و تەرخانكراویی مانگانەیان لە لایەن حكومەتی فیدڕاڵەوە پەسەندكراوە.
    سەبارەت بە بەشەكانی دیكەی وەك سێ یەكەمەكانی زانكۆ و پەیمانگا حكومیەكان و هەڵگرانی بڕوانامەی باڵای دانەمەزراو و ئەوانەی كە یاسای پلە بەندیی پزیشكی دەیانگرێتەوە، ئاماژە بەوە درا كە هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ بە یاسای تایبەت بە خۆیان، دەرفەتی دامەزراندنیان بۆ ڕەخساوە كە پێویستە ئەوانەی هەرێمیش وەك هاوتاكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ، مامەڵە بكرێن و بە گوێرەی هەمان یاسا، بۆ ئەو مەبەستەش ئەركی حكومەتی فیدڕاڵە كە پلەی وەزیفی پێویست و تەرخانكراوی داراییان بۆ دابین بكات لە چوارچێوەی خشتەی میلاكاتی هەرێم بۆ ساڵی 2025 بە ڕەچاوكردنی بنەمای هێنانەدی یەكسانی لە نێوان هەرێم و بەغدا كە هەم دەستوور و هەم دادگای باڵای فیدڕاڵیش جەختی لێ كردۆتەوە، بە تایبەتیش لەم قۆناغە كە پەیوەندی دارایی نێوان هەرێم و بەغدا چووەتە ئاستێكی بەرز بە ئاراستەی یەكخستنی ڕێكارە داراییەكان و یەكخستنی شایستەی دارایی و مووچە و دەرفەتی دامەزراندن بۆ هەمووان لەسەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.
    ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، بە شێوەیەكی مەبدەئی بابەتی بەهەمیشەییكردنی فەرمانبەرانی گرێبەستی پەسەند كرد بە هەمان ئەو مەرج و میكانیزم و ڕێكارانەی كە حكومەتی فیدڕاڵ لەمبارەیەوە پەیڕەویان دەكات و بەگوێرەی پێداویستی و تایبەتمەندیی دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان . بۆ ئەم مەبەستەش، وەزارەتی دارایی وئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی هەرێمی كوردستان ڕاسپێردران كە ڕێكاریی پێویست بگرنەبەر بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراقی فیدراڵ و لە چوارچێوەی هەمان تەرخانكراویی ئێستای مووچەی فەرمانبەرانی گرێبەست كە لە لایەن وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە خەرج دەكرێت.
    سەبارەت بە سێ یەكەمی زانكۆ و پەیمانگاكان و خاوەن بڕوانامە باڵاكانی دانەمەزراو و ئەوانەی كە یاسای پلەبەندیی پزیشكی دەیانگرێتەوە لە هەرێمی كوردستان، ئەنجومەنی وەزیران جەختیكردەوە: كە پێویستە حكومەتی فیدڕاڵ پلەی وەزیفی و تەرخانكراویی دارایی پێویست دابین بكات بە گوێرەی ئەو یاسایانەی كە هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵیی پێ دامەزراوەن بە هەمان میكانیزم و ڕێكار و مەرجە بەركارەكان و بە گوێرەی پێداویستی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم، ئەویش لە چوارچێوەی خشتەی میلاكاتی هەرێم بۆ ساڵی دارایی 2025 كە بە داخەوە لە دوای ساڵی 2013 ەوە هیچ پلەیەكی وەزیفی نوێ بۆ هەرێمی كوردستان دروست نەكراوە و ژمارەی میلاكی هەرێم بۆ ماوەی زیاتر لە 10 ساڵە گۆڕانكاری بەسەردا نەهاتووە، بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی دارایی و ئابووری و ئەنجومەنی گشتی ڕاژە لە هەرێم ڕاسپێردران كە بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ و ئەنجومەنی گشتی ڕاژەی فیدڕاڵ، ڕێكاریی پێویست بگرنەبەر.
    لە بڕگەی دووەمدا دوا پێشهاتەكانی پەیوەندیدار بە سەرژمێریی گشتیی دانیشتووانی عێراق خرایەڕوو كە بڕیارە لە 20 ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ ئەنجام دەدرێت.
    دارا ڕەشید وەزیری پلاندانان و فەهمی بورهان سەرۆكی دەستەی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم ، تیشكیان خستەسەر دوایین ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی سەرژمێری و تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و مەترسیی خۆیان لە بارەی شێواز و ئامانجی پرۆسەكە دەربڕی.
    ئەنجومەنی وەزیران دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، دووپاتیكردەوە كە دژی ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی نین ، بەڵام نابێت ئەم سەرژمێرییە بۆ هیچ مەبەستێكی سیاسی بەكاربهێنرێت و نابێت ببێتە جێگرەوەی هیچ ڕێكارێكی دەستووریی كە لە ماددەی 140 ی دەستووردا هاتووە. بۆ ئەم مەبەستەش وەزارەتی پلاندانان و دەستەی گشتی ناوچەكوردستانیەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ڕاسپێردران كە تێبینی و سەرنج و نیگەرانی و پێشنیار و ڕاسپاردەكانی هەرێمی كوردستان بگەیەننە لایەنی پەیوەندیدارەكانی حكومەتی فیدڕاڵ.