نێچيرڤان بارزانى له‌گه‌ڵ پارێزگار و كارگێڕيى سلێمانى كۆبووه‌وه‌

سیاسی
  • 24-09-2024, 17:14
  • +A -A

    سلێمانی ـINA
    ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌، نێچيرڤان بارزانى، سه‌رۆكى هه‌رێمى كوردستان، له‌ سه‌ردانێكدا بۆ پارێزگای سلێمانى، له‌ ته‌لارى پارێزگا له‌گه‌ڵ هه‌ڤاڵ ئه‌بوبه‌كر پارێزگار و ژماره‌يه‌ك له‌ به‌رپرسانى يه‌كه‌ كارگێڕييه‌كانى پارێزگاكه‌، كۆبووه‌وه‌.
    نووسینگه‌ی ڕاگه‌یاندنی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، ڕاگه‌یاندووه‌" له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا دۆخى گشتيى پارێزگاى سلێمانی، به‌تايبه‌تى له‌ڕووى كارگێڕى و خزمه‌تگوزارييه‌وه‌، هه‌روه‌ها ئاماده‌كارييه‌كان بۆ هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستان و ده‌ستپێكردنى بانگه‌شه‌ى هه‌ڵبژاردن تاوتوێ كران و تيشك خرايه‌ سه‌ر پێداويستييه‌كانى چه‌ند پرۆژه‌يه‌كى سنوورى پارێزگاكه‌.
     نێچيرڤان بارزانى، باسى له‌ گرنگيى سه‌رخستنى هه‌ڵبژاردن و پرۆسه‌ى ده‌نگدان كرد و جه‌ختى له‌ به‌ڕێوه‌چوونى بانگه‌شه‌يه‌كى شارستانيى هه‌ڵبژاردن له‌ سلێمانى و ته‌واوى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه‌. به‌ڕێزيان وێڕاى ده‌ربڕينى پشتگيريى خۆى بۆ كارگێڕيى پارێزگاكه، بڕيارى جێبه‌جێكردنى ژماره‌يه‌ك له‌ داواكارييه‌كانيانی دا.
    چۆنيه‌تيى بره‌ودان به‌ كه‌رته‌ جياجیاكان له‌ سنوورى پارێزگاى سلێمانى و هه‌وڵدان بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى فڕۆكه‌خانه‌ى نێوده‌وڵه‌تيى سلێمانى و چه‌ند پرسێكى ديكه‌ى په‌يوه‌ست به‌ كاروبارى پارێزگاكه‌وه‌، ته‌وه‌رێكى ديكه‌ى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوون.