بوداپێست- هەنگاریا- INA
رێكەوتی 22-9- 2024 لە شاری بوداپێستی هەنگاریا ركابەرییەكانی چل وپێنجەمین ئۆڵۆمپیادی شەترەنج (45th Chess Olympiad) كۆتاییهات و هەڵبژاردەی شتەرەنجی عێراق لە كۆی 188 وڵاتی بەشداربوودا، پلەی 79ی ریزبەندی بەركەوت.
هەڵبژاردەی شەترەنجی عێراق لەسەر ئاستی پیاوان تەنها لە كۆی 5 یاریزان بە 4 شەترەنجزان (حسێن عەلی حسێن، د.عەلی لەیس عوسمان، ئاكار عەلی ساڵح و زۆزگ سەلاح محەمەد) بە سەركردایەتی مانفێل ئاڤیتیسیان/ راهێنەری ئەرمەنی بەشدار بوون و یاریزانی پێنجەم ڤیزا-ی بۆ نەهاتەوە و بەهۆی دواكەوتنی ڤیزاكانیشیان، یاریزانەكانی هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی یەكەمی یارییەكان بێبەش بوون و لە گەڕی دووەمەوە تا گەڕی 11 یارییان كرد،هەروەها ڤیزای خانمانی شەترەنج كە پشكی شێر بەبەر كچانی كورد دەكەوت،ئەویش نەگەڕایەوە وبێبەش بوون لە ئۆڵۆمپیاد بوداپێستی 2024ی هەنگاریا،ئەمەش بۆ چەندین جار لەشاندە وەرزشیەكانی كوردستان وعێراق دووبارە بۆتەوە!.
سەبارەت بە ئەنجامەكانی هەڵبژاردەی شەترەنجی عێراق، پشتیوان شێخ ئەحمەد ئەندامی یەكێتی ناوەندی شەترەنجی عێراق تایبەت بەئاژانسی هەواڵی عێراق (INA) گوتی: هەڵبژاردەی عێراق توانییان 5 یاری لە هەڵبژاردەكانی چاد و عومان و لیبیریا و دوورگەكانی ڤارۆ و ئیمارات ببەنەوە و لەگەڵ هەردوو هەڵبژاردەی كۆسۆڤۆ و جەزائیر یەكسانبوون و بە هەڵبژاردەكانی بۆسنە و ئایسلەندا و كۆستەریكا-یان دۆڕاند و پلەی 79ی سەر ئاستی هەموو ئۆڵۆمپیادەكەیان بەدەستهێنا، بەڵام لە نێو وڵاتە عەرەبییەكانی بەشداری ئۆڵۆمپیادەكەدا سێیەم بوون.
پشتیوان شێخ ئەحمەد گوتیشی: سەرەڕای ئەوەی كە هەڵبژاردەی عێراق لە گەڕی یەكەم بێبەش بوو، بە كەمتر لە یاریزانێك بەشداری كرد، بەڵام ئەنجامەكانیش زۆر باشبوون و بەپێی ریتینگی جیهانی عێراق لە زنجیرەی وڵاتە بەشدارەكان 104 بوو، توانی بگاتە خانەی 79ی ریزبەندی ئۆڵۆمپیاد و هەوڵ دەدەین بۆ داهاتوو بە بەشداریكردنی زیاتر لە پاڵەوانێتییە نێودەوڵەتییەكان و مەشق و راهێنانی زیاتر، ئەنجامەكان باشتریش بكەین.
ماوەتەوە بڵێین بە بەشداری 188 وڵاتی بە سیستمی سویسری/ كلاسیك دەستپێكرد و یارییەكان بە 11 گەڕ هەر رۆژەی گەڕێك بەڕێوەچوون و تیایدا لە ئاستی پیاوان هیندستان یەكەم و ئەمریكا دووەم و ئۆزبەكستان سێیەم و لە ئاستی ئافرەتانیش هیندستان یەكەم كازاخستان دووەم و ئەمریكا سێیەم بوو.