سەرۆک وەزیران لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمریکا کۆتایی هێنان بە هه‌بوونی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق تاوتوێ ده‌كات

سیاسی
  • 23-09-2024, 23:00
  • +A -A

    به‌غدا-INA
    ئەمڕۆ دووشەممە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران لەگەڵ ئەنتۆنی بلینکن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا سەبارەت بە دۆسیەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و درێژەدان بە دیالۆگەکانی بۆ کۆتایی هێنان بەبوونیان لە عێراق و هەنگاونان بۆ بنیاتنانی پەیوەندیی هاوکاریی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی نێوده‌وڵه‌تی تاوتوێ کرد.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردووە - ڕایگەیاندووە، محەمەد شیاع سودانی، سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی وەزیران لە شوێنی مانه‌وه‌ی خۆی لە نیویۆرک، لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆبوونەوەکانی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، پێشوازی لە ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کرد.
    لە میانی دیدارەکەدا باسیان لە پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و ڕێگاکانی بەرزکردنەوەی هاریکاری هاوبەش لە بوارە جیاجیاکان کرد، هەروەها تاوتوێی دوایین پێشهاتەکانی ناوچەکەیان به‌تایبه‌تی له‌ لوبنان كرد. سودانی داوای کرد هەموو هەوڵێکی پێویست بخرێتەگەڕ بۆ ڕاگرتنی جه‌نگ و دەستدرێژیه‌ بەردەوامه‌كانی سه‌ر غەززە و لوبنان کە هەڕەشەی فراوانکردنی ململانێکان له‌ ناوچەکە ده‌كات و مه‌ترسی له‌سه‌ر ئاسایشی ناوچەکە و نێودەوڵەتی دروست دەکات.
     سودانی جەختی لەوە کردەوە كه‌جیهان و ناوچەکە بە قۆناغێکی دژواردا تێدەپەڕن، عێراقیش پێشتر چەندین جار هۆشداری داوە لە دەرئەنجامی شەڕێکی هەمەلایەنە کە لەوانه‌یه‌ له‌هەرکاتێکداهەڵبگیرسێت بەهۆی نەبوونی چارەسەر لە لایەن کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە پەیوەندیدارەکانییەوە، سه‌رۆك وه‌زیران جەختی لەوە کردەوە كه‌پێویسته‌ نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرک وبه‌رپرسیاری هه‌ڵبگرێت له‌هه‌مبه‌ر ئه‌وه‌ی لوبنان وغه‌ززه‌ ڕووبه‌رووی ده‌بنه‌وه‌ له‌تاوانی به‌ئامانجی دوژمنكاری له‌دژی هاوڵاتیانی سڤیل به‌تایبه‌تی منداڵان وئافره‌تان.
    نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران ڕایگەیاند" لە کۆبوونەوەکەدا دەستی خرایە سەر بوارەکانی هاریکاریی دووقۆڵی لە کەرتی وزە، هەروەها تاوتوێکردنی فایلی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بەردەوامیدان بە گفتوگۆکان بۆ کۆتاییهێنان بە بوونیان لە عێراق و هەنگاونان بۆ بنیاتنانی پەیوەندییه‌كی هاریکاریی دووقۆڵی لەگەڵ وڵاتانی هاوپەیمانی له‌ بوار و کەرتە جیاوازەکان."