قوباد تاڵەبانی زنجیرەیەک دیداری دیپلۆماسیی ئەنجامدا

سیاسی
  • 23-09-2024, 18:24
  • +A -A

     هه‌ولێرـ INA
    قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان بە جیا لەگەڵ هەر یەکە لە جانێت ئەلبێردا، باڵیۆزی نوێی هۆڵەندا لە عێراق و رادۆ بوتۆم، بەرپرسی نوێی ئۆفیسی یەکێتی ئەوروپا لەهەرێمی کوردستان و هەروەها ئازمۆند ئاوکروست و هانی حوسێنی، پەرلەمانتارانی وڵاتی نەرویج کۆبووەوە.
    نووسينگه‌ی ڕاگه‌یاندنی جێگری سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی وەزیرانی هه‌رێمی كوردستان له‌ڕاگه‌یه‌ندراوێكدا كه‌بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی ناردووه‌، ڕاگه‌یاندووه‌" لە هەرسێ کۆبوونەوەکەدا کە ئەمڕۆ دوو شەممە (23 ئەیلولی 2024) لە هەولێر بەڕێوەچوو گفتوگۆکرا لەبارەی ئامادەکارییەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و دیاردەی کۆچی گەنجانی هەرێم بۆ وڵاتانی ئەوروپا.

    سەبارەت بە کۆچی نایاسایی گەنجان بۆ ئەوروپا، جێگری سەرۆک وەزیران، جەختی کردەوە باشترین چارەسەر بۆ رێگریکردن لە کۆچی نایاسایی گەنجان ئەوەیە دۆخی گەنجان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان باشتر بکرێت، هەربۆیە وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا لە ڕێگای پەرەپێدانی وەبەرهێنان لە هەرێم و رەخساندنی هەلی کار بۆ گەنجان و  پرۆژەی ڕاهێنانی گەنجان لە بوارە جیاوازەکان بە تایبەتیش  لە بوارەکانی کارسازی و داهێناندا باشتر دەتوانن  رێگری بکەن لە کۆچی نایاسایی گەنجان.
    لە بەشێکی دیکەی دیدارەکاندا قوباد تاڵەبانی جەختی لە گرنگیی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک و بێگەرد کردەوە لە هەرێمی کوردستان کە گوزارشت لە ئیرادەی خەڵکی کوردستان بکات، بۆ ئەمەش دوایکرد ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان و وڵاتانی یەکێتی ئەوروپا بە وردی چاودێری پرۆسەی هەڵبژاردنەکان بکەن.