سەرۆکی کۆمار بۆ میقاتی: عێراق ئامادەیە هەموو جۆرە هاوکارییەک پێشکەش بە گەلی لوبنان بکات

سیاسی
  • 18-09-2024, 15:49
  • +A -A

    به‌غدا -INA

    سه‌رۆك کۆمار عه‌بدول لەتیف جەمال رەشید لە میانەی پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نەجیب میکاتی سەرۆک وەزیرانی لوبنان، ئامادەیی عێراقی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان پشتڕاستکردەوە، هاوخەمی خۆی بۆ کەسوکاری قوربانیانی ئەم هێرشە دەربڕی.

    فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار له‌ راگه‌یندراوێكدا كه‌ بۆ ئاژانسی هه‌واڵی عێراقی (INA) نێردراوه‌ ، تێیدا هاتووه‌ " سه‌رۆك کۆمار عه‌بدول لەتیف جەمال رەشید، ئەمڕۆ چوارشەممە پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لەگەڵ نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان ئەنجامدا.

    هه‌روه‌ها له‌ كاتی لەپەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، سەرۆك کۆمار "بەتوندی هێرشەکەی دوێنێ (سێشەممە)ی بۆسەر لوبنان ئیدانە کرد، کە چەندین شەهید و برینداری لێکەوتەوە و بە پەرەسەندنێکی مەترسیدار و هەوڵی فراوانکردنی بازنەی جەنگ و دەستدرێژی ناوبرد، کە لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە".

    هه‌ر به‌ گوێره‌ی راگه‌یندراوه‌كه‌ سەرۆك کۆمار "هاوسۆزیی عێراقی لەگەڵ گەلی لوبنانی برا لەم تەنگانەیەدا دوپاتکردەوە و ئامادەیی عێراقیشی بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە هاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی بۆ بریندارەکان دەربڕی، هاوکات سەرەخۆشی ئاراستەی کەسوکاری قوربانیانی هێرشەکەش کرد".

    سەرۆك کۆمار" پشتیوانی عێراقی بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی لوبنان دەربڕی و هەر جۆرە دەستدرێژییەکی بۆسەر وڵاتەکە رەتکردەوە. هەروەك جەختیکردەوە، پێویستە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بەرپرسیارێتییە یاسایی و ئەخلاقییەکانی خۆی بگرێتەئەستۆ بۆ وەستاندنی جەنگ لەدژی گەلی فەڵەستین بەتایبەتی لە کەرتی غەززە و رێگەگرتن لەهەر هەوڵێك بۆ فراوانکردنی بازنەی ململانێکە".

    لەلای خۆیەوە نەجیب میقاتی سەرۆك وەزیرانی لوبنان سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ هەڵوێستی نەگۆڕ و پشتیوانیی گەل و حکومەتی عێراق بۆ لوبنان دەربڕی لە ئاڵنگارییە جۆراوجۆرەکانی کە لەڕابردودا روبەڕوی بوەتەوە.