دهۆك حەڤدەهەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین دەكاتەوە

ناوخۆ
  • 11-09-2024, 19:34
  • +A -A

    دهۆك - INA - ئیڤان ناسر حەسەن
    ئەمڕۆ چوارشەممە، چالاكییەكانی حەڤدەهەمین فێستیڤاڵی ترێ و هەنگوین لە پارێزگای دهۆك كرایەوە.
    پارێزگاری دهۆك عەلی تەتەر لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی ئامادەیبوو، رایگەیاند: پارێزگاكە گەورەترین زەوییە كشتوكاڵییەكانی بەرهەمهێنانی ترێی لە عێراقدا هەیە، و وتیشی: جوتیاران ئەمساڵ توانیان بەرهەمەكانیان بە پارێزگاكانی ناوەڕاست و باشووری عێراق بفرۆشن.
    ئاماژەی بەوەشكرد: كاردەكەین لەسەر دامەزراندنی تاقیگەی نوێ بۆ ئەوەی سوود لە بەرهەمە كشتوكاڵییەكانی وەك ترێ و ئەوانی دیكە وەربگرین، بۆ ئەوەی لە قوتووبكرێن و سوودیان لێ وەربگرین لە دروستكردنی شەربەتدا، و وتیشی: لەسەدا 25ی پڕۆژەی كارگەی لە قوتوونان تەواو بووە، كە لەماوەی یەك ساڵدا ئامادە دەبێت بۆ پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكانی بە جووتیاران لە پارێزگای دهۆك و تەواوی هەرێمی كوردستان.
    ئاشكراشیكرد: لەماوەی داهاتوودا پڕۆژەیەكی گەورە لەسەر ئاستی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە شاری دهۆك دەكرێتەوە بۆ بەخێوكردنی مانگا و بەرهەمهێنانی شیر و وەرگیراوەكانی.
    هاوكات بەڕێوەبەری فەرمانگەی باخداری لە پارێزگای دهۆك ئەمجەد عوبەید ، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی، رایگەیاند: ترێ یەكێكە لە بەرهەمە كشتوكاڵییە خوازراوەكان بۆ جووتیارانی پارێزگاكە، و وتیشی: دەیان جۆری ترێ لە پارێزگای دهۆك هەیە، و تێكڕای ساڵانەی بەرهەمی ترێ لە پارێزگاكە دەگاتە 60 هەزار تۆن.
    جەختیشیكردەوە: ئەم ژمارەیە لە پێویستی پارێزگاكە تێدەپەڕێت، ئەمەش وا لە جووتیاران دەكات بڕێكی لێ بفرۆشن بۆ سەرجەم پارێزگاكانی عێراق.