حكومەتی هەرێم پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابوری فیدراڵ و هەرێم دەكات

سیاسی
  • 11-09-2024, 18:44
  • +A -A

    هەولێر - INA 
    ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبوەوەو پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابوریی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانی كرد.
    نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 11ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیرانی هەرێم مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
    راشیگەیاند: لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران ئاماژەی بەوەدا كە ئەمڕۆ بە ڕێز و شكۆوە یادی (63)ــەمین ساڵیادی هەڵگیرسانی شۆڕشی مەزنی ئەیلوول، بە ڕێبەرایەتیی بارزانیی نەمر دەكەینەوە، كە شۆڕشێكی نیشتمانی و سەرتاسەری خەڵكی كوردستان بوو، بە گشت پێكهاتە جیاوازەكانییەوە لەپێناو داكۆكیكردن لە مافە ڕەواكانی.
    پاشان تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە خرایە ڕوو، كە گفتوگۆكردن بوو لەسەر ئەنجامەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشی ئەنجومەنی وەزاریی فیدراڵی بۆ كاروباری ئابووری و ئەنجومەنی ئابووریی هەرێمی كوردستان لە شاری هەولێر لە ڕۆژانی 8-9ی ئەیلوولی 2024 و تاووتوێكردنی ڕێكار و هەنگاوەكانی جێبەجێكردنی بڕیار و ڕاسپاردەكانی ئەو كۆبوونەوە هاوبەشە لە لایەن وەزارەت و فەرمانگە تایبەتمەندەكانی حكومەتی هەرێم، بە جۆرێك هیچ بیانوو و بەهانەیەك بۆ وەزارەتی داراییی فیدراڵ نەهێڵرێتەوە، بۆ ڕاگرتن و دواخستنی خەرجكردنی شایستەی دارایی موچەخۆرانی هەرێم.
    هەر بە گوێرەی راگەینراوەكە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، پێشوازی لە بڕیار و ڕاسپاردەكانی پەسەندكراوی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنەكە، و بڕیاری كۆبوونەوەی دوێنێی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراقی فیدراڵ كرد، سەبارەت بە بەردەوامبوونی وەزارەتی داراییی فیدڕاڵ بۆ خەرجكردنی مووچەی ئەو مووچەخۆرانەی هەرێمی كوردستان كە بێبەش كرابوون لە وەرگرتنی مووچەكانیان بەهۆی نەبوونی (ژمارەی وەزیفی).
    ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم وێڕای جەختكردنەوە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەكان بۆ جێبەجێكردنی پابەندییەكان بە تایبەتیش بەردەوامبوون لەسەر تەواوكردنی ڕێكارەكانی هێنانەكایەی ژمارەی وەزیفی بۆ ئەو مووچەخۆرانەی تا ئێستا تۆمارنەكراون و ڕەچاوكردنی تێبینی وسەرنجەكانی دیكە، بە جۆرێك لە نزیكترین دەرفەت لە هەفتەی داهاتوودا، لیستی نوێی ڕاستكراوەی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم و ژمارەی وەزیفییان ڕەوانەی وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بكرێت و لە بەرامەردا حكومەتی فیدڕاڵ تەواوكاریی موچەی مانگەكانی پێشوو بنێرێت، كە خەرجكردنی ڕاگیرابوو، بۆ ئەوەی مووچەی مانگی 8 لە هەرێم دابەش بكرێت و ئامادەكاریی پێویستیش بكرێت بۆ مووچەی مانگی 9، هاوتای مووچەی ناوچەكانی دیكەی عێراق.
    دواتر هەریەك لە وەزیرانی (بازرگانی و پیشەسازی، كار و كاروباری كۆمەڵایەتی، كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، ناوخۆ، سامانە سروشتیەكان، پلاندانان، داد) ئەو بابەتانەیان خستە ڕوو، كە لەگەڵ وەزیرانی هاوتایان لە حكومەتی فیدڕاڵ گفتوگۆیان لەسەر كردووە و لێكتێگەیشتنی هاوبەشیان لێ هاتووەتەدی، لە میانەی كۆبوونەوەی هاوبەشی هەردوو ئەنجومەنی ئابووریی فیدڕاڵ وهەرێم، لەبارەی هەندێك پرسی پەیوەندیدار بە ڕۆژمێری كشتوكاڵی، مۆڵەتی هەناردە و هاوردەكردن، مۆڵەتی كارگەكان، تۆماركردنی كۆمپانیاكان، پۆلێنكردنی بەڵێندەران، دەروازە سنوورییەكان، گومرگ، دۆسیەی نەوت و وزە و كەرتی بانكی.
    هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتووە، كە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم، وەزیرە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ بەردەوامبوونی كاركردنی لیژنە هاوبەشەكانی نێوان وەزارەت و كەرتە پەیوەندیدارەكان لە هەردوو حكومەت بۆ تەواوكردنی ئەو ئەركانەی پێیان سپێردراوە لە پێناو گەیشتن بە لەیەكتێگەیشتنی هاوبەش كە لە بەرژەوەندی هەموو هاووڵاتییانی عێراقدا بێت لە چوارچێوەی دەستوور .
    هاوكات سەرۆك وەزیرانی هەرێم هیوای خواست ئەو كەشە ئەرێنی و لەیەكتێگەیشتنەی لە كۆبوونەوەكاندا گفتوگۆی تێدا كرا ببێتە سەرەتایەك بۆ چارەسەرێكی بنەڕەتی گشت كێشە هەڵپەسێراوەكانی نێوان هەردوولا .
    دووپاتیشیكردەوە: كە هەرێمی كوردستان وەك هەمیشە بەردەوام دەبێت لە جێبەجێكردنی ئەركەكانی و لە بەرامبەریشدا خوازیارە ڕێز لە مافە دەستووری و قەوارەی فیدراڵی هەرێمی كوردستان بگیرێت.
    لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران، ئەنجومەنی ئابووری هەرێمی كوردستانی ڕاسپارد بۆ پەسەندكردنی ڕاسپاردەكانی كۆبوونەوەی هاوبەشیان لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاری فیدڕاڵی بۆ ئابووری و ئامادەكاریی بۆ ئەنجامدانی كۆبوونەوەیەكی هاوبەش لەگەڵ ئەنجومەنی وەزاریی بۆ ئابووری لە شاری بەغداد بۆ بەردەوامیدان بە كۆبوونەوە و دانیشتنەكان بە ئاراستەی گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بۆ ئەو بابەتانەی كە ماون.