ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، جەختی لە سەر گرنگی کاری دوو قۆڵی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگەکانی ناوچەکە، لەگەڵ مەسعود پزشكیان، سەرۆککۆماری ئێران کردەوە.
لە ڕاگەیەندراوێکدا نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) نێردراوە، تێیدا هاتووە، “سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شياع سودانی، ئەمڕۆ چوارشەممە لە کۆشکی حكومی لە بەغدا لەگەڵ سەرۆک کۆماری ئیسلامی ئێران مەسعود پزشكیان کۆبووەوە، ئەمەش لە سەرەتای ئەو سەردانە فەرمییەیدا کە بۆ بەغدا بەڕێوەچوو، لە دیدارەکەدا ژمارەیەک دۆسیە و بابەتی بەرژەوەندی هاوبەش تاوتوێ کران، کە ئامانج لێی پتەوکەردنی ئاستی هاوکاری و هاوبەشی نێوان هەردوو وڵاتە”.
هەر بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەكە ئاماژەبەوەیش كرا كە سودانی بەخێرهاتنی خۆی بۆ سەرۆک پزشکیان نوێ کردەوە، لە یەکەم سەردانیدا بۆ دەرەوەی وڵات، دوای دەستبەکاربوونی، هەرووها هەڵوێستەکانی سەرۆک کۆماری کۆچکردوو ئیبراهیم ڕەئیسی بەبیرهێنایەوە بەرانبەر عێراق ” هەروەها جەختی لەسەر گرنگی ”کاری دووقۆڵی نێوان وڵاتان کردەوە، بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ئابووری و ئەمنییەکان لە ناوچەکەدا، بەشێوەیەک لە بەرژەوەندی سەقامگیری و گەشەپێداندا بێت”.
لای خۆیەوە سەرۆک کۆماری ئێران سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەتی عێراق دەربڕی، بۆ ئەو پێشوازییە گەرمە و جەختی کردەوە لەسەر خواستی کۆماری ئیسلامی بۆ پتەوکردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەکان و بەردەوامدان بە بەرنامەکانی هاوکاری و یاداشتنامەکانی لێکتێگەیشتنی نێوان هەردوو وڵات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، پزشکیان تابلۆیەکی پێشکەش بە سەرۆك وەزیران کرد، کە پەیامی ڕێبەری باڵای ئێران سەید عەلی خامنەیی لەخۆگرتبوو و تێیدا سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ حکومەت و گەلی عێراق نوێ کردەوە، بۆ ئەو هەوڵانەی کە لە پێشوازیکردنی زیارەتکارانی یادکردنەوەی چلەی ئیمام حوسێن و هاوەڵانی (سەلامیان لێ بێت) دراون و ئەم کارە نوێنەرایەتی بەرجەستەکردنی بەخشندەیی ئیسلامی و میواندۆستی عەرەبی دەکات”.
هەر لە ڕاگەیاندراوێكدا ئەوەیش هاتووە دیدارەکەدا هەردوو سەرۆک دیاریان ئاڵوگۆڕ کرد، کە گوزارشت لە قووڵیی پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان هەردوو وڵاتی دراوسێ دەکات”.