قاهیرە - INA
فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوە ئەمڕۆ چوارشەممە، پشتڕاستی کردەوە کە پرسی فەلەستین تاکە پرسە لەسەر مێزی کۆبوونەوەی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی.
حوسێن بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA)ی ڕاگەیاند: "لە کۆبوونەوەکانی ئەنجومەنی وەزیرانی خولی 163ی ئەنجومەنی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی، دیارترین و گرنگترین و تاکە پرس، کە پرسی فەلەستینە تاوتوێ کرا".
ڕوونیشیکردەوە، "پشتیوانی بەردەوام لەسەر ئاستی عەرەبی و ناوچەیی و نێودەوڵەتی و لەلایەن حکومەتی عێراق و گەلی عێراقەوە بۆ دۆزی فەلەستین هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، "کۆبوونەوەیەک لەگەڵ، دەزگای فریاگوزاری فەلەستین ئەنجامدرا"، جەختیشیکردەوە "پاڵپشتی دارایی بەرچاو لە لایەنی عێراقییەوە بۆ دەزگاکە هەیە، بەو پێیەی کاردەکات بۆ یارمەتیدانی گەلی فەلەستین، بەتایبەتی خەڵکی غەززە".
وتیشی "عێراق دەستپێشخەری کرد و دەرگای بۆ ئەوانی دیکە کردەوە کە پشتگیری لە دەزگای فریاگوزاری فەلەستین بکەن".
سەبارەت بە ئەنجامدانی لوتکەی داهاتووی عەرەبی لە بەغدا، حوسێن وتی، “عێراق لە پەیوەندیدایە لەگەڵ کۆمکاری عەرەبی بەمەبەستی ئامادەکاری بۆ لوتکەی عەرەبی”، ئاماژەی بەوەشکرد، “ئێمە بەوپەڕی خۆشحاڵییەوە چاوەڕێی ئەم لووتکەیە دەکەین، کە لە مانگی ئایاری ساڵی داهاتوو بەڕێوەدەچێت لە بەغدا”.