هەولێر -INA
ئەمڕۆ يهكشەممە "مەسرور بارزانی" سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناخەی پڕۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاوی بۆ شاری هەولێر دانا و لە گوتارێكدا ئاماژەی بە كێشەی كەمئاویی هەولێر كرد و ڕوونیكردەوە كە پرۆژەی فریاگوزاری خێرای گەیاندنی ئاو بۆ هەولێر، تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە كێشەی كەمئاوی لە هەولێر ناهێڵێت.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە ڕاگەیەندراوێکدا,کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی ، تیاتدا هاتووە:- سەرۆك وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی دانانی بەردی بناغەی پرۆژەکە ووتی:- بڕیاریان لەسەر پرۆژەیەكی دیكەی راكێشانی ئاو لە زێی بچووكەوە بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری داوە، بە پێویستیشی زانی هاووڵاتییان هۆشیار بكرێنەوە بۆ ئەوەی ئاو بەفیڕۆ نەدرێت.
ووتیشی:-كە داوایان كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پرۆژەی ریسایكلینی ئاو بكرێت بۆ پاككردنەوەی ئەو ئاوەی لە هەولێرەوە دەردەچێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاشیگەیاند:- لەم دوو ساڵە دوای بەهۆی پەتای كۆرۆنەوە وێڕای هەموو گرفت و كۆسپەكان و دۆخی سەختی ئابووری، دامودەزگاكانی پەیوەندیدارم راسپارد كە لە زووترین كاتدا ڕێگەچارەیەك بۆ ئەم دۆخە بدۆزنەوە،بۆیەش لە دوا هەنگاودا بڕیارمدا كە ئەم بابەتە چیتر دوانەكەوێت و داوام كرد ئەم پرۆژەیەی ئێستا وەك پرۆژەیەكی فریاگوزاریی خێرا بۆ چارەسەری كێشەی كەمئاویی پایتەختی هەرێم دەست پێ بكات.
ئەوەشی خستەڕوو :- کە لە نزیكەوە ئاگاداری خەمی هاووڵاتیانەو چەندین گەڕەكی هەولێر كە گرفتی كەمئاوییان هەیە، پارێزگا و شارەوانییەكان هەموو هەوڵێكیان داوە تاوەكو بە ڕێگەی جۆراوجۆر ئاو بۆ ئەم گەڕەكانە دابین بكەن، بۆیە پێویستمان بە پرۆژەیەكی وەك ئەمە هەبوو تا بخرێتە گەڕ كە ئاوی زێی گەورە بگەیەنێتە شاری هەولێر.
"مەسرور بارزانی" روونیشیکردەوە:- کە ئەم پرۆژەیە بە قەبارەیەك ئاو دەگەیەنێتە شاری هەولێر كە تا نزیكەی 30 ساڵی دیكە، هەولێر كێشەی كەم ئاوی نامێنێت،داواشم كردووە هاوتەریب لەگەڵ ئەم پرۆژەیە، تۆڕی ناوخۆیی ئاو لە گەڕەكەكان رێك بخرێتەوە، تاكوو بە تەواوبوونی ئەم پرۆژەیە، بتواندرێت ئاو بە هەموو گەڕەكەكانی هەولێر دابین بکات.
"مەسرور بارزانی " لە درێژەی قسەکانیدا ووتیشی :- بڕیارم داوە پرۆژەیەكی دیكەی ئاو بۆ سنووری قوشتەپە و گوندەكانی دەوروبەری دابینبکرێت،و ئاو لە زێی بچووك دەگەیەنێتە ئەو دەڤەرە، و بە تەواوبوونی ئەو پرۆژەش، بە سەدان بیری ئاو دادەخەین، ئەوەش دەبێتە هۆكارێك بۆ بووژانەوەی ئاوی ژێرزەوی، هەروەها داوام كردووە هەرچی زووترە كار لەسەر پرۆژەی ریسایكلی ئاو، واتە بەكارهێنانەوەی ئەو ئاوە بكرێت كە لە شاری هەولێر دەردەچێت، بەم جۆرەش هەم ڕێگە لە پیسبوونی ژینگە و ئاوی ژێرزەوی دەگرین، هەمیش ئەو ئاوە بۆ بواری پاك و سەوزایی بەكار دێتەوە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم ئاماژەی بەوەدا :- ئێمە هەست بە كاریگەرییەكانی گۆڕانی كەشوهەوا لەسەر ناوچەکەمان دەكەین، بۆیەش لەپێناو پاراستنی سامانی ئاو و ژینگەمان، دەستمان بە دروستكردنی چەندین بەنداو بە قەبارەی جیا كردووە و لەم هەنگاوانەش بەردەوام دەبین تاوەكوو بە گلدانەوەی ئاو، بتوانین پەرە بە كەرتەكانی كشتوكاڵ و گەشتوگوزار بدەین، بەڵام لەگەڵ ئەوەش دەبێت پەرە بە كەلتوور و هۆشیاریی چۆنیەتیی بەكارهێنان و پاراستنی ئاو بدەین، بەداخەوە ڕێژەی بەكارهێنانی ئاو بۆ یەك تاكەكەس لە هەرێمی كوردستاندا زۆر لە ڕێژەی ستانداردی نێودەوڵەتی زیاترە،بۆیە دەبێت پەروەردە و ڕێكخراوەكانی کۆمەڵگای مەدەنی و مامۆستایانی ئایینی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن ڕۆڵی خۆیان لەم بوارەدا ببینن و خەڵكی رەچاوی ئەوە بكەن كە زیادەڕەوی لە بەكارهێنانی ئاودا نەكەن.