بەغدا-INA
ئەمڕۆ شەممە"محەمەد شیاع سودانی" سەرۆك وەزیران، ڕێنماییدا کە سبەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و پارێزگاری ئەنبار بۆ چارەسەرکردنی پرسی وانەبێژ لە سنوری قوتابخانەکانی پارێزگاکەدا ئەنجام بدرێت.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران، لە ڕاگەیەندراوێکدا ،کە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ناردوویەتی، تیایدا هاتووە:- "محەمەد شیاع سودانی"سەرۆك وەزیران، پێشوازیکرد لە ئەندامانی ئەنجوومەنی نوێنەران لەبازنەی پارێزگاری ئەنبار و "محمد نوری کەربولی" پارێزگاری ئەنبار و "عومەر مشعان دلێمی " سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگا، و ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگا و "ئەحمەد عەبدولزەهرا فەتلاوی " ڕێکخەری گشتی پارێزگاکان .
وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە :- لە دیدارێکدا گفتوگۆ کرا لەسەر پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان و ئەو پڕۆژە ستراتیژیانەی کە حکومەت بەنیازە لە پارێزگاکەدا جێبەجێیان بکات،ئەوە جگە لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە ستراتیژییە گەورەکانی ئەنبار لە ژێر ڕۆشنایی ئەولەویەت و ئامانج و بەرنامەکانی حکومەت.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوەکە،سەرۆك وەزیران ڕێنمایدا :- کە سبەی کۆبوونەوەیەکی تایبەت،بە ئامادەبوونی وەزیری پەروەردە و پارێزگاری ئەنبار ئەنجامبدرێت بۆ مەبەستی چارەسەرکردنی پرسی وانەبێژان لە سنوری قوتابخانەکانی پارێزگاکەدا.