هەولێر - INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان و ئەسیر داود غرێری وەزیری بازرگانی حكومەتی فیدراڵ، ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری وەزاریی عێراق كە بڕیارە بە مەبەستی چارەسەركردنی دۆسێیە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەردوولا لەم ڕۆژانە لە هەولێر بكرێت تاوتوێكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە راگەیەنراوێدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ پێنجشەممە، مەسرور بارزانی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ، پێشوازی لە ئەسیر داود غرێری وەزیری بازرگانی حكومەتی فیدراڵ كرد.
لە دیدارەكەدا جەخت لە گرنگی پەرەپێدانی هاریكاری نێوان دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستان و حكومەتی فیدراڵ كرا .
هەردوولا هاوڕابوون لەسەر پێویستیی بەهێزكردنی هەماهەنگی نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ ، بەتایبەتی لە بواری بازرگانی و گەشەپێدانی ئابووری بە لەبەرچاوگرتن و ڕێزگرتن لە قەوارەی دەستووری هەرێمی كوردستان.
بە گوێرەی راگەیەنراوەكە، لە دیدارەكەدا ئاماژە بە پێویستیی پێشكەشكردنی ئاسانكاریی بۆ كەرتی تایبەت كرا بۆ ئەوەی ڕۆڵی كارای خۆی لە بنیاتنان و بەرەوپێشبردنی ژێرخانی ئابووریدا بگێڕێت.
هەروەها ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی ئابووری وەزاریی عێراق كە بڕیارە بە مەبەستی چارەسەركردنی دۆسێیە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی هەردوولا لەم ڕۆژانە لە هەولێر بكرێت، تەوەرێكی دیكەی گفتوگۆكان بوو.