بهغدا-اهع
هەولێر_INA
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان ، یەکەمین سیمپۆزیۆمی سریانی لە نیشتیمان، لە هەولێر بەڕێوە چوو.
بارزانی لە وتارێكدا جەختی کردەوە کە پێویستە هەموومان کار بکەین بۆ زیاتر پەرەپێدان و بەهێزکردنی هزر و گیانی پێکەوە ژیان و چەسپاندنی ئاشتی و تەبایی و بنەماکانی دیموکراسی و یەکتر قبووڵکردن و ڕێزگرتن لەو بەها پیرۆزانەی کە دەبنە هۆی زیاتر پێشخستنی نیشتمانەکەمان و پاراستنی قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان.
هەروەها وتیشی: ”کوردستان بە درێژایی مێژوو، وەک بێشکەی مرۆڤایەتی، هەمیشە نیشتمانی نەتەوە و ئایین و ئایینزای جیاواز بووە چەند شارستانیەتی جیاواز وەک شارستانی ماددەکان و سۆمەری و ئەکەدی و کلدانی و ئاشووری و سریانی و چەندانی تر، لەسەر زەمینی کوردستان سەریان هەڵداوە و گەشەیان کردووە”.
بارزانى ئاماژەی بۆ ئەوەیش كرد كە ”لە یەک گونددا مزگەوت و کەنیسە و کنشت، جێگەیان بووەتەوە و باوەڕدارانی ئەم ئایینانە و ئەم کولتوورە جیاوازانە، بەیەکەوە ژیاون و جیاوازییەکانی یەکتریان قبووڵ بووە. هەروەها كە پەلاماری كوردستانیش دراوە، جیاوازی لە نێوان ئایین و كلتوورە جیاوازەكاندا نەكراوە و هەموویان بە یەك چاو سەیر كراون. كە ناحەزان و دوژمنان وەكوو یەك سەیری ئێمە دەكەن”.