هەولێر - INA
ئەمڕۆ چوارشەممە، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵی پەسەندكرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەنراوێكدا كە بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراقی ناردووە، دەڵێت: ئەمڕۆ چوارشەممە 4ی ئەیلوولی 2024، بە سەرپەرشتی سەرۆك وەزیران مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.
لە دەستپێكی كۆبوونەوەدا، سەرۆك وەزیران لە گوتەیەكدا ئاماژەی بە چەند خاڵێك كرد وەك، بە گرێبەستكردنی وانەبێژان، سەرۆك وەزیران پیرۆزبایی لە وانەبێژان كرد كە بڕیاردرا لە سەر داهاتی ناوخۆ بكرێنە گرێبەست و هیوای خواست ئەم بڕیارە مایەی ڕەزامەندی مامۆستایانی وانەبێژ بێت و ببێتە هۆی زیاتر هاندانیان بۆ خزمەتكردنی پرۆسەی خوێندن و پەروەردە لە هەرێمی كوردستان.
سەرۆكی حكومەت هەروەها پیرۆزبایی لە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان كرد بۆ هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینیان لەگەڵ هاوەڵەكانیان لە حكومەتی فیدڕاڵ كە لە ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم دەنگی لەسەردرا و پەسەند كرا ، لە سەر ئاستی حكومەتی فیدڕاڵیش دواجار توانرا بگەینە ڕێككەوتن و لەم مانگەوە خانەنشینانی هەرێمی كوردستان مووچەكانیان بە هاوتاكراوی لەگەڵ خانەنشینانی حكومەتی فیدراڵ وەرگرت،و وتیشی: خانەنشینان دڵنیا دەكەینەوە كە هەمیشە پاڵپشتی داوا و داخوازییە ڕەواكانیان دەبین و ئەم بەشە ماندووەی هەرێمی كوردستان كە بەشێكی زۆری ژیانی خۆیان بۆ خزمەتی گشتی تەرخان كرد شایانی هەموو پشتیوانییەكن.
لە كۆتایی گوتەكەیدا، سەرۆكی حكومەتی هەرێم ئاماژەی بە هەڵمەتی بانگەشەی هەڵبژاردن كرد كە بڕیارە لەم مانگەدا دەست پێ بكات، لەم ڕووەوە سەرۆك وەزیران وتی: بێگومان لایەنە سیاسیەكان ئازادن لە چوارچێوەی پەیڕەو و ڕێنماییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان چۆن بانگەشە بكەن، بەڵام داوایان لێ دەكەم كە بە شێوەیەكی شارستانی و دوور لە سووكایەتی و ناوزڕاندن بانگەشە بكەن ، چونكە هەموومان كوردستانین و ڕۆڵەی ئەم نیشتمانەین و دەبێ بە بەرپرسیاریەتییەوە ڕەفتار بكەین.
لە بڕگەی یەكەمی كارنامەی كۆبوونەوەكە، ڕەشنووسی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران تایبەت بە یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە سیستەمی دارایی و ژمێریاریی لە نێوان هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی دەسەڵات و مافە دەستوورییەكانی هەرێمی كوردستان كە لە لایەن ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ كاروباری پەرلەمان و ئامانج ڕەحیم سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو.
دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجومەنی وەزیران بەكۆی دەنگ ڕەشنووسی بڕیارەكەی وەك خۆی پەسەند كرد لە پێناو یەكخستنی ڕێكارەكانی تایبەت بە سیستمی دارایی و ژمێریاری لە نێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی فیدڕاڵ بە ڕەچاوكردنی تایبەتمەندیی دەستووریی هەرێم و دەسەڵاتەكانی كە لەناو دەستووری عێراق جێگیركراون، وەك ئاشكراشە لە دوای ساڵی 2014 ەوە بەهۆی بڕینی بەشە بودجەی هەرێم، دابڕانێكی تەواو ڕوویدا لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ كە بووە هۆی پەیڕەوكردنی دوو سیستمی دارایی و ژمێریاریی جیاواز لە لایەن وەزارەتی دارایی هەردوولا، بۆیە لە قۆناغی نوێی ئێستای پەیوەندی هەردوو حكومەت، ئەم هەنگاوە گرنگە و ڕۆڵی دەبێت لە ڕێكخستنەوەی پەیوەندی دارایی و ژمێریاریی هەردوولا و چارەسەركردنی زۆربەی سەرنج و تێبینیەكانی تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی لەسەر داهات و خەرجی و میلاكی حكومەتی هەرێم و یەكخستنی شایستەی دارایی و مووچەی مووچەخۆران لە سەرتاسەری عێراق كە ئەمەش لە بەرژەوەندی مووچەخۆرانی هەرێمە كە بە هاوتاكردنی مووچەی خانەنشینی دەستی پێكرد.
پاشان لە بڕگەی دووەمدا ، ئەنجامی كۆبوونەوەی هاوبەشی نێوان شاندی تەكنیكی وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێم و وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە كۆتایی حەفتەی ڕابوردوو لە بەغدا، هەروەها ئەنجامی دوایین كارەكانی تیمی هاوبەشی هەردوو دیوانی چاودێری دارایی هەرێم و فیدراڵ لەلایەن سكرتێری ئەنجومەنی وەزیرانەوە خرایەڕوو كە پوختەی ڕاسپاردە و سەرنج و تێبینیە تەكنیكیەكان و هەنگاوی جدیی وەزارەت و دامەزراوەكانی هەرێم بوو كە لە ماوەی پێشوو ڕێكاری پێویستیان وەرگرتووە سەبارەت بە ڕاسپاردە و سەرنجەكانی وردبینی هاوبەش و پێداچوونەوەی داهات و خەرجی ومیلاك و لیستەكانی مووچە، بەجۆرێك بەهانە و بیانووی تەكنیكی بۆ وەزارەتی دارایی فیدڕاڵ نەمێنێت بۆ دواخستنی خەرجكردنی مووچەی هەرێم، هەروەها بڕی ئەو پارانەش خرانەڕوو كەوەزارەتی دارایی فیدڕاڵ بۆ مووچەی هەردوو مانگی تەممووز و ئاب خەرجی كردووە.
ئەنجومەنی وەزیران وەزارەتەكانی ڕاسپارد كە بەردەوام بن لە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی فیدڕاڵ و تیمی هاوبەشی چاودێریی دارایی هەردوولا و تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتریی و پێدانی ژمارەی وەزیفی بە هەموو مووچەخۆران و پەلەكردن لە چالاككردنی بە ئەلیكترۆنیكردنی سیستمی پێدانی مووچە، لەبەرامبەریشدا پێویستە لە سەر وەزارەتی دارایی فیدراڵ تەواوكاریی مووچەی مانگی تەمموز و ئابی 2024 بە پەلە ڕەوانە بكەن تاوەكوو حكومەتی هەرێم بتوانێت لە نزیكترین دەرفەتدا، مووچەی مانگی ئابی مووچەخۆرانی هەرێم خەرجبكات هاوتای مووچەخۆرانی ناوچەكانی دیكەی عێراق، كە ئێستا مووچەخۆرانی هەرێم شایستەی وەرگرتنی مووچەی مانگی ئابن.
لە كۆتاییدا ئەنجومەنی وەزیران گفتوگۆی لەبارەی ئامادەكارییەكانی ئەنجامدانی كۆبوونەوەی تایبەتیی ئەنجومەنی ئابووریی وەزاریی فیدراڵ كرد كە وا بڕیارە لەم ڕۆژانەدا لە هەولێر تایبەت بە دۆسێیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان وەزارەتەكانی هەردوولا ئەنجام بدرێت، ئەنجومەنی وەزیران وێڕای پێشوازیی گەرمیی لە سازدانی ئەم كۆبوونەوەیە لە هەولێر، لە هەمانكاتدا حكومەتی هەرێم ئەم كۆبونەوەیە بە دەرفەتێكی پڕ بایەخ دەزانێت تا لە نزیكەوە ڕووبەڕوو وەزیرانی پەیوەندیداری لە هەردوو حكومەتی هەرێم وفیدڕاڵ گفتوگۆی جیدیی لەسەر دۆسێیە هەڵپەسێردراوەكانی نێوان هەردوو لا بكرێت كە تائێستا چارەسەر نەكراون لە گشت بوار و كەرتەكاندا.
ئەنجومەنی وەزیران سكرتێری ئەنجومەنی وەزیران و سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی وبەدواداچوون و لایەنە پەیوەندیدارەكانی ڕاسپارد بۆ ئامادەكاریی پێویست بە هەماهەنگی لەگەڵ نوێنەرایەتی حكومەتی هەرێم لە بەغدا و سكرتاریەتی ئەنجومەنی فیدڕاڵیی ئابووری، هەروەها وەزیرە بەڕێزەكانیش ڕاسپێردران بە پێی تایبەتمەندییان، پێویستە دۆسیەی خۆیان ئامادە بكەن لەگەڵ خستنەڕووی پێشنیار و ڕاسپاردەی هاوسەنگ و پێویست بە ڕەچاوكردنی دەسەڵاتە جێگیركراوەكانی هاتوو لە دەستووریی عێراق لە پێناوی چارەسەركردنی بنەڕەتی كێشەكان و ڕەخساندنی بواری زیاتر بۆ كاركردنی پێكەوەیی نێوان هەردوو حكومەت لە پێناو خزمەتكردنی هاووڵاتیان و باشتركردنی بژێوی ژیانیان لە سەرتاسەری عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە.