حەنون: سەرەتای شەڕی ڕاستەقینەی دژی گەندەڵی ڕادەگەیەنین و لە ئەمڕۆوە دەست پێدەكات

ناوخۆ
  • 4-09-2024, 16:57
  • +A -A

    بەغداد - INA
    ئەمڕۆ چوارشەممە، سەرۆكی دەستەی دەستپاكی حەیدەر حەنون، تەئكیدیكردەوە:  ژمارەی تۆمەتباران لە دۆسیەی دزینی ئەماناتی باج زیاتر لە 30 تۆمەتبارەو وتیشی: تۆمەتبار نور زوهێر، 114 چەكی دارایی ساختەكردووە و پێویستە بە 114 حوكم سزا بدرێت.
    حەنون لەمیانەی كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا، كە ئاژانسی هەواڵی عێراقی بەدواداچوونی بۆ كردووە، رایگەیاند: یەكخستنی هەوڵەكان لەگەڵ دەستەی دەستپاكی لە هەرێمی كوردستان بنەمای سەركەوتنە، و وتیشی: بوونی ئێمە لە هەولێر بۆ دەركردنی ڕێككەوتنی هاوبەشە بۆ بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی.
    حەنون دەڵێت: من تەنها خاوەنی دوو پارچە زەویم لە پارێزگای میسان و ئەوەی بڵاوبووەتەوە نادروستە، و ئاشكراشیكرد: دەستپێكردنی شەڕی ڕاستەقینەی دژی گەندەڵی ڕادەگەیەنین، كە لە ئەمڕۆوە دەست پێدەكات.
    حەنون لە درێژەی قسەكانیدا وتی: داوا لە پەرلەمان دەكەم میوانداریم بكات، و رنیشیكردەوە: تۆمەتبار نور زوهێر، 114 چەكی دارایی ساختە كردووە و دەبێت بە 114 حوكم سزا بدرێت.
    ئاماژەی بەوەشكرد: تۆمەتبار نور زوهێر، تاوانی تری هەیە جگە لە دزینی پارەی ئەماناتی باج، 720 دۆنمی  لە شەتولعەرەب دزیوە، و وتیشی: نوور زوهێر پارەی گومرگی دزیوە كە بە زیاتر لە ترلیۆنێك دینار مەزەندە دەكرێت.
    جەختیشیكردەوە: قبووڵ ناكەین پەردەپۆشی دزینی ئەمانەتی باج بكرێت، و وتیشی: پەرلەمان بەرپرسیارێتی ئەوەیە بیسەلمێنێت كە دەستەی دەستپاكی هاوسۆزی گەندەڵكارانە یان بە پێچەوانەوە.
    ئاماژەی بەوەشكرد:  ئێمە هاوكاری ئینتەرپۆل دەكەین لەسەر پرسی وەرگرتنەوەی پارە و تۆمەتباران.