ههولێر -INA
مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان دووپایتكردهوه كه خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنە لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا له گهڵ بهريتانيا ههیه، ههروهها سەرپەرشتیی واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی بازرگانی لە نێوان بهريتانيا و هەرێمی کوردستانی كرد.
نووسینگهی راگهیاندنی سهرۆكی حكومهت له راگهیندراوێكدا كه بۆ ئاژانسی ههواڵی عێراقی نێردراوه تێیدا هاتووه" ئهمڕۆ سێشەممە ، مەسرور بارزانى، سهرۆكى حکومەتی ههرێمى كوردستان، پێشوازى له شاندێکی بەریتانی کرد، بە سەرۆکایەتيی ئۆلیڤەر کریستیان، کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و پاکستان".
ههروهها له راگهیندراوهكه ئهوهیش هاتووه كه " لە دیدارەکەدا کە ئەندرو بیزلی، كونسوڵى گشتيى شانشینی یەکگرتوو له ههرێمى كوردستان ئامادەبوو، گفتوگۆ لەبارەی پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکانی بەریتانیا و هەرێمی کوردستان کرا. بەتایبەتی لە بوارەکانی بازرگانی و وەبەرهێناندا".
به گوێرهی راگهیندراوهكه "مەسرور بارزانى سوپاسی پشتیوانی و هاریکاريی بەردەوامی شانشینی یەکگرتووی کرد، بۆ هەرێمی کوردستان و خواستی پێشخستنی زیاتری پەیوەندیی دوولایەنەشی لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا دووپات کردەوە".
لای خۆیهوه کۆمسیاری شای بەریتانیا بۆ کاروباری بازرگانی، ئاماژەی بە پێگەی گرنگی هەرێمی کوردستان کرد، کە دەرفەتی زۆر بۆ بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوولا هەیە.
دوای ئهوهیش بە چاودێری و سەرپەرشتيی سەرۆکی حکومەت، ڕێککەوتنێک لە نێوان هەرێمی کوردستان و بەریتانیا واژۆ کرا، لە بواری پەرەپێدانی بازرگانی و دەستنيشانکردنی ئەو بوارانەی کە لە پێشينەن بۆ کارلەسەرکردن و پێشخستن و گەشەپێدانیان، وەک کشتوکاڵ و تەندروستی و پێشخستنی توانا مرۆییەکان و تەکنەلۆجیا.