بەغدا - INA
ئەمڕۆ یەك شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پشتڕاستی كردەوە كە پاشماوە تیرۆریستییەكانی داعش چیتر مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی عێراق دروست ناكەن.
نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیران لە بەیاننامەیەكدا كە بەدەست ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) گەیشتووە وتیایداهاتوە : محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران، پێشوازی لەفەرماندەی نێردراوی هاوپەیمانی نێودوڵەتی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش لە عێراق جەنەڕاڵ كیڤن لیهی بە ئامادەبوونی باڵیۆزی ئەمریكا لە عێراق كرد.
لە میانی دیدارەكەدا، تاوتوێی پێشكەوتنی گفتوگۆی تەكنیكی نێوان هەردوولا كرا بۆ كۆتاییهێنان بە ئەركی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق، هەروەها گواستنەوەی ئەركەكە بۆ چوارچێوەی پەیوەندییە دووقۆڵییەكانی نێوان عێراق و وڵاتانی بەشداربوو لە هاوپەیمانی عێراق، جگە لە بەردەوامی هاوكاری لە بواری ڕاهێنان و شارەزایی و زانیاری لەگەڵ هێزە ئەمنییەكانی عێراق.
سەرۆك وەزیران پشتڕاستی كردەوە بەگوێرەی بەیاننامەكە : كە پاشماوە تیرۆریستییەكانی داعش چیتر مەترسی بۆ سەر دەوڵەتی عێراق دروست ناكەن، ئەندامەكانیشی بوونەتە گروپی ڕاوكردن لە ناوچە دوورەدەستەكان بە مەبەستی خۆشاردنەوە، بەو پێیەی هێزە چەكدارەكانمان بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەكان لە بەدواداچوون بۆ هەر شوێنێك یان كونجێك ئەم تیرۆریستانەی لێبێت.